بەپەلە.. حەیدەر عەبادی رزگارکردنی موسڵی راگەیاند

سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لەناو شاری موسڵەوە رزگارکردنی موسڵی راگەیاند. 

عەبادی لەناو شاری موسڵەوە کەمیک پێش ئێستا رزگارکردنی موسڵ و کۆتایی هێنان بە دەسەلآتی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەو شارە راگەیاند.

عەبادی لە وتەیەکدا کە راستەوخۆ کەناڵەکان بلآویان کردەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەسەلآتی ترس و تۆقاندنی داعش لە موسڵ کۆتایی هات.

فه‌رمانده‌ی گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق وتیشی‌: سه‌ركه‌وتن له‌ موسڵ به‌سه‌ر داعشدا به‌هۆی‌ پلانێكی‌ سه‌ركه‌وتووه‌ بووه‌ و سوپاسی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی‌ عیراق ده‌كه‌م كه‌ هاوكارمان بوون، هه‌روه‌ها سوپای‌ ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌كه‌م كه‌ له‌ شه‌ڕی‌ تیرۆر و داعشدا هاوكاریی عیراق بوون.

عه‌بادی‌ داوایی له‌ سه‌رجه‌م ئاواره‌كانی‌ شاری‌ موسڵ كرد به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌ و ئاینه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ  ماڵه‌كانی‌ خۆیان و ژیان ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌.

رۆژی‌ 10ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014 چه‌كدارانی‌ داعش به‌بێ هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عیراق و به‌ماوه‌ی‌ چه‌ند كاتژمێرێك شاری‌ موسڵیان كۆنتڕۆڵكرد كه‌ به‌دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری‌ عیراق هه‌ژمار ده‌كرێت.

به‌مه‌به‌ستی‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ و ده‌ركردنی‌ چه‌كدارانی‌ داعش، حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ فه‌رمانده‌ی گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق رۆژی‌ 17ی‌ تشرینی یه‌كه‌می‌ 2016 ئۆپه‌راسیۆنی‌ واهاتین نه‌ینه‌وای‌ راگه‌یاند.




PM:07:54:10/07/2017