وادەی دیاریکردنی رێکخەری نوێی گۆڕان راگەیەنرا

پەرلەمانتارێکی گۆڕان رایدەگەیەنێت "ڕۆژانە کۆبوونەوە دەکرێت، تاکو خانەی ڕاپەڕاندن پێکبھێنین، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێکخەری گشتی دیاری بکەین".


شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان، پەیڕەوێکی ھەیە کە پەسەندکراوی یەکەمین کۆنگرەی نیشتمانیی خۆیەتی، ئێستاش ڕۆژانە کۆبوونەوە دەکرێت، تاکو خانەی ڕاپەڕاندن پێکبھێنین، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێکخەری گشتی دیاری بکەین".


ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە ڕوو: "خانەی ڕاپەڕاندن لە حەوت کەس پێکهاتووە، یەکێیان پۆستی ڕێکخەری گشتی وەردەگرێت، ئەوانی دیکەش بەپێی پەیڕەوی بزووتنەوەکە کاری خۆیان بۆ دیاری دەکرێت، بەتایبەتی بۆ فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانی عێراق، هەروەها چەند کەسێکیش بۆ بازنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و کاروباری خەڵک دادەنرێت".


دەربارەی کاندیدکردنی عومەری سەید عەلی و قادری حاجی عەلی، بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، شێرکۆ حەمە ئەمین، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، جەختی لەوە کردەوە: "نازانم کێ بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتی کاندید دەکرێت، بەڵام کاتێک خانەی ڕاپەڕاندنمان پکھێنا، ئەوکاتە کەسێک بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتی دیاری دەکەین، بۆیە ئێستا ھەوڵی ئەوە دەدەین لە چەند ڕۆژی داھاتوودا خانەی ڕاپەڕاندن پێکبھێنین، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە کە ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانە، ئێمە ڕێکخەری گشتی دیاری بکەین".



PM:11:38:16/07/2017