تەرمی کچە پێشکەشکارێک دۆزرایەوە

 

تەرمی کچە راگەیاندنکارێک لە ناو شوقەکەیدا لە شاری بەغدا دۆزرایەوە کە بە چەقۆ کوژراوە، هاوکات تەرمی پزیشکێکیش لەماڵەکەیدا دۆزرایەوە.

سۆمەریەنیوز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە کە ناوی نەبردووە، بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە تەرمی کچە راگەیاندنکارێک لە ناو شوقەکەیدا لە شاری بەغدا دۆزرایەوە.

سەرچاوەکە وتی: "ئاسەواری چەقۆ بە چەند شوێنێکی جیاوازی جەستەی کچە راگەیاندنکارەکەوە ھەیە".

وتیشی "پێشتر چەندین جار ھەڕەشە لەو کچە راگەیاندنکارە کراوە بەبێ ئەوەی ھۆکارەکەی زانراوبێت".

سەرچاوە ئەمنییەکە راشیگەیاندووە کە "ئەو کچە راگەیاندنکارە وەک یاریدەدەری پێشکەشکاری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لە مانگی رەمەزاندا دەرکەوتووە".

بەگوێرەی میدیا عیراقییەکان ئەو کچە راگەیاندنکارە ناوی "لولیتا" بووە و لە مانگی رەمەزاندا لە کەناڵی سۆمەریەنیوز بەرنامەی "یاسر MAN"ی پێشکەش کردووە.

هاوکات ھەر ئەمڕۆ لە شاری بەغدا تەرمی پزیشکێکی ئافرەت لەو ناو ماڵەکەی لە بەغدا دۆزرایەوە کە بە چەقۆ کوژرابوو.



PM:10:11:24/07/2017