پەرلەمانتارێکی گۆڕان: دەبێت پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بەر لە کاراکردنەوەی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە

پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە کە پێویستە بەر لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و بژێوی خەڵک لەگەڵ پارتی یەکلابکرێتەوە.

بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە سپی میدیای ڕاگەیاند پێویستە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی نێوان گۆڕان و پارتی ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت و یەکلابکرێتەوە نەک تەنها بۆ ئەوە بێت پەرلەمانتارەکان بچنەوە پەرلەمان و ئەو پرسانە بە هەڵپەسێردراوی بمێننەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لە ئاستەنگەکان ئەوەیە کە پەرلەمان دەبێت یاساکان بۆ سەرۆکایەتی هەرێم بنێرێت، بەڵام کە سەرۆکایەتی نەبێت، ئەوە ناکرێت، بۆیە دەبێت وەفدی پارتی و گۆڕان ئەو گرفتانە چارەسەر بکەن، هەروەها باسی لەوەشکرد کە پارتی بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە دەبێت گۆڕان پێداگری بکات لەسەر چارەسەرکردنی بژێوی خەڵک.

سەبارەت بە وادەی کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو حزبە، بێستوون فایەق، ڕایگەیاند کە ئەوەندی ئەو ئاگاداربێت تا ئێستا هیچ کاتێک بۆ کۆبوونەوەی نێوان گۆڕان و پارتی دیارینەکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە بەردەوام میدیاکانی نزیک لە پارتی باس لەوە دەکەن کە لەم هەفتەیەدا لەسەر ئاستی باڵا بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسییەی کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.



PM:03:06:29/07/2017