" لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی دەمەقاڵێ لەنێوان کۆسرەت رەسوڵ‌و سیروانی کوێخا نەجم روودەدات"

لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی دەمەقاڵێ لەنێوان کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و سیروانی کوێخا نەجم روودەدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەرکردایەتی یەکێتی یەوە، بە سپی راگەیاند" رۆژی شەممە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی کە لە سلێمانی سازکرا دەمەقاڵێ دەکەوێتە نێوان کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و سیروان کوێخا نەجم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی".

سەبارەت بە هۆکاری دەمەقاڵێکە سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بەهۆی پێشاندانی رای خۆی و ئەو گرووپەی کە لەگەڵیدان لەسەر پرسە سیاسی و رێکخراوەیەکانی کە رووبەرووی یەکێتی بۆتەوە لە پیش هەمووشیانەوە داوای ئەو گرووپە بۆ گۆڕینی مەکتەبی سیاسی ئێستای یەکێتی، سیروانی کوێخا نەجم دووچاری دەمەقاڵی بۆتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لە ئەنجامی ئەو دەمەقاڵێیە، کۆسرەت رەسوڵ فشاری خستۆتە سەر کۆبوونەوەکە تا سیروانی کوێخا نەجم لە کۆبوونەوەکە بچێتە دەرەوەو، ناوبراویش کۆبوونەوەکەی جێهشتووە.

سەرچاوەکەی سپی ئاشکرایکرد کە پاش ئەوەی سیروانی کوێخا نەجم بۆ ماوەی چەند خولەکێک لە دەرەوەی کۆبوونەوەکە دەبێت، دواتر بافڵ تاڵەبانی و شاڵاو کۆسرەت دەمەقاڵێکە هێوردەکەنەوەو سیروانی کوێخا نەجم دەهێننەوە نێو کۆبوونەوەکە.

سەرەتای کۆبوونەوەکەش بەپێی زانیارییەکانی سپی، دەمەقاڵێیەکی سووک لەنێوان مەلا بەختیار و سیروانی کوێخا نەجم روویداوە، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە مەلا بەختیار پێیووتووە  کە تۆ ئەجێنداتان هەیە، سیروانی کوێخا نەجمیش لە وەلآمدا پێیووتووە کە تۆ کتلەیەکت بەناوی "دابڕانەوە"، لە ناو یەکێتی دروستکردووە.

سیروانی کوێخا نەجم یەکێکە لەو ٣٤ ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە دژی بەشداریکردنی وەفدی یەکێتی بوون لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی  ریفراندۆمداو بۆ ئەو مەبەستەش لە کۆی ٥١ ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ٣٤ ئیمزایان کۆکردەوە.
ئەو دەمەقاڵییە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی رۆژی ٢٩ ی تەموز لە سلێمانی لە بینایەی مەکتەبی سیاسی روویداوە.



PM:11:06:30/07/2017