ئەمەریکا بە راشكاوی ناڕەزایەتی خۆی دژی ریفراندۆم بە بارزانی راگەیاند

لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفونییەوە بە بارزانییەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رێکس تیلەرسن، ناڕەزایەتی وڵاتەکەی دژی ریفراندۆم بەڕاشکاوانە بەبارزانی رادەگەیەنێت.

هەرچەندە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم و ماڵپەڕی حکومەت هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو پەیوەندە تەلەفونییەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەجیا لەگەڵ عەبادی و بارزانی بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام  

بەپێی هەواڵیکی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، رۆژی هەینی رێکس تیلەرسن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناڕەزایەتی ئەمریکای بەرامبەر رئیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان گەیاندووەتە بارزانی و جەختی لە پشتگیری بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووەتەوە ، بۆ عێراقێکی دیموکراتیی فیدراڵیی یەکگرتوو.

لەو پەیوەندیە تەلەفونییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وەسفی رۆڵی پێشمەرگەی کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعشدا.


بەپێی هەواڵەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە بارزانی و عەبادی کردووە دەرگای گفتوگۆ لەنێوانیاندا بکەنەوە بۆ چارەسەریی هەموو ئەو کێشانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە. 

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ، کە ئەویش رۆژی هەینی 4-8-2017 ئەنجامدراوە ، تیلەرسن پشتگیریی وڵاتەکەی لە گەلی عێراق و شەڕی هاوبەشی هەردوولا لە دژی داعش دووپاتکردووتەوە و رایگەیاندووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق بەتەواوەتی پابەندن بە شەراکەتی گشتگیری نێوانیان کە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یەکتر خۆی دەبینێتەوە و هەروەها بناغەکەی بریتییە لە رێککەوتنی ستراتیژیی چوارچێوەی کاری نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە لەم چوارچێوەیەدا دەستەبەری هاوکاریی سیاسیی و ئابووریی و کولتووریی و ئاسایش کراوە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ گەلی عێراق و شەڕی هاوبەشی هەردوولا دژی داعش دووپاتکردووەتەوە و جەختیکردووەتەوە لە "پێویستیی بەردەوامیی هاوکاریی بەهێزی نێوان بەغدا و هەولێر ، لە شەڕی داهاتووی نزیکیان لە دژی داعش لە تەلەعفەر و حەویجە".



AM:10:58:05/08/2017