هەڵوێستی "خودای گەورە" لەسەر ریفراندۆم ئاشکرا بوو

مەلا عەلی کەڵەک، کە خۆی بە پزیشکی ئاینی دەناسێنێت، دەڵێت، "بۆ ریفراندۆم پرسم بە خودا کردووەو خودای گەورەش لە رێگەی خەونێک وەڵامی داوەتەوە".


لە پارچە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هەریەکە لە هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر و مەلا عەلی کەڵەک دەردەکەون، گفتوگۆ لە بارەی ریفراندۆم کوردستان دەکەن کە بڕیارە لە 25-ی ئەیلول ئەنجامبدرێت.


مەلا عەلی کەڵەک دەڵێت، بۆ ریفراندۆم کوردستان پرسم بەخودا کردووە، نوێژی ئیستیخارەم کردووەو لە خودا پاڕاومەتەوە کە ئەگەر ئەم ریفراندۆمە خێری بۆ کورد تێدایە دڵم خۆش بکات، خودای گەورەش لە رێگەی خەونێک وەڵامی داومەتەوە.


مەلا عەلی دەشڵێت، شەو خەوتم و خەونم بینی کە خۆم و ماڵ و منداڵم دەچووینە حەج و جلوبەرگی حەجمان لەبەردابوو، دڵم زۆر خۆشبوو کە هەرگیز خەوی ئاوام نەبینیبوو، مەلا عەلی دەشڵێت، خەونەکەم بۆ برایەک گێڕایەوە و پێی وتم، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە خودای گەورە لەگەڵ ریفراندۆمە، دەبێت بە بەڵێ دەنگ بدەین و خودا پێی خۆشە کورد ببێتە دەوڵەت و حوکم بە شەرعی خودا بکات.



PM:02:38:13/08/2017