گەنجێكی ڕفێنراوی دەربەندیخانی ئازادكرا

هەردی محەمەد، گەنجێكی دانیشتووی دەربەندیخانە ماوەی حەوت ڕۆژە لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە فڕێنرا و ئەمڕۆ لەلایەن دەزگای هەواڵگری عێراق و ئاسایشی سلێمانیەوە ئازاد كرا.

ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئاب دەزگای هەواڵگری عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێدراوە و تیایدا هاتووە "ئەمڕۆ لە كاتژمێر ٤ی بەرەبەیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری و ئاسایشی عێراق بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی سلێمانی توانرا هاوڵاتیەكی كورد لەدەستی چەند چەكدارێك ئازاد بكرێت، دووان لە فڕێنەرانیش دەستگیركراون".

 هەردی  محەمەد نوری، ئەو گەنجە دەربەندییەی كە ئۆتۆمبیلی باری پێبووە بەردی باركردووە بۆ بەغدا لە ڕۆژی ٧ی ئابی ٢٠١٧ لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە لە ناو شاری بەغداد فڕێنراوە، ئەو چەكدارانە چەندجارێك داوای پارەیان لەكەسوكاری هەردی كردووە، لەبەرامبەر ئازادكردنیدا.

بەپێی زانیارییەكان سەرەتا ئەو چەكدارانە داوای ٦٠٠ هەزار دۆلاریان لە كەسوكاری هەردی كردووە و دوێنێ كردویانە بە ٥٠٠ هەزار دۆلار و وتوشیانە ئەگەر ئەمڕۆ ئەو بڕە پارەیە نەهێنن دەیكوژین.

هەردی لەدایك بووی ساڵی ١٩٩١ و خێزاندارە و خاوەنی دوو كچە.




PM:02:22:14/08/2017