حكومەت بڕیارێكی نوێ لەبارەی موچەخۆرانەوە ئاشكرا دەكات

بەرپرسێكی حكومەت ئاشكرای دەكات دوای ناونوسینیان مووچەخۆرانی دەرەوەی وڵات بە چەند میكانیزمێك لە سیستەمی بایۆمەتری مووچە تۆمار دەكرێن.

سەمیر هەورامی وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری مووچە بە هەفتەنامەی باسی راگەیاندوە، ئەوانەی لە دەرەوەن قوتابیانی تواناسازی و هاوەڵەكانیان،خانەنشینی شارستانی و سەربازی، كەم ئەندامانی سەنگەر، كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن لەگەڵ ئەوانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە ناویان دەنوسرێت پاشان تۆمار دەكرێن.

ئاماژەی بەوەدا پڕۆسەی ناونووسکردنی مووچەخۆرانی حکومەت ئەوانەی نیشتەجێی دەرەوەی دەستی پێكردووە و نونوسین لە ٣١/٨/٢٠١٧ کۆتایی دێت، وتی:پرۆسه‌که تەنها بۆ تۆمارکردنه نه‌ک بایۆمەتری، ئامانج لێی ته‌نها کۆکردنەوەی زانیاریەکانه سه‌باره‌ت به مووچه‌خۆرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌م، کۆکردنه‌وه‌ی زانیارییه‌کانیش هاوکار دهبێت بۆ لیژنەی باڵای تۆماری مووچەخۆران که بڕیاری هه‌نگاوی دووه‌م بدات سه‌باره‌ت به چۆنییه‌تی ئه‌نجامدانی بایۆمەتری بۆ تێکڕای ئەو مووچەخۆرانەی که دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانن.

روونیشیكردەوە ئەو كەسانە دەتوانن فۆڕمێك كە هەیە پڕی بكەنەوە و رادەستی نزیكترین نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بكەن، وتیشی: كە ناویان نوسراو دواتر لە رێگەی میكانیزمێك تۆمار دەكرێن یان وەفدێك دەنێردرێت بۆ تۆماركردنیان، یانیش مووچەكانیان بۆ دابین دەكرێت تاوەكو دەگەرێنەوە، ئێستا دەمانەوێت ئامارەكە و شوێنەكانیان و مووچەكانیان بزانین پاشان میكانیزمەكە بڕیاری لێ دەدرێت.

هەورامی جەختی كردەوە ئەوانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە هیچ كێشەیەكیان نیە و كە دەستیان بەكاركردەوە لە فەرمانگەكانیان بە پێی فەرمانی دەست بەكاربونیان لە ژووری عەمەلیات تۆماردەكرێن.

وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری مووچە پێیوایە ناونووسكردنی مووچەخۆرانی دەرەوە بۆ ئاسانكاریكردنە بۆ تۆماكردنیان، گوتیشی: خەڵكێكی زۆر لە وڵاتانی دەرەوەن كە مووچەخۆرن و خانەنشینن پەیوەندیان پێوەكردووین پەككەوتەن و نەخۆشن ناتوانن سواری فڕۆكە بن و بگەرێنەوە بۆیە دەمانەوێت بە ئاسانترین شێوە ئەوانە تۆماربكەین.

سەمیر هەورامی ئاشكرای كرد ژمارەی ئەو كەسانە زۆرە، بەڵام ئەوەی زانیومانە لە سەرووی 15 هەزار كەس دەبن بۆیە بە ئاسانترین میكانیزم دوای ناونوسن هەوڵ دەدرێت لە سیستەمی بایۆمەتری تۆماربكرێن.

راشیگەیاند هەر مووچەخۆرێك فۆڕمی ناونووسکردن پڕ نەکاتەوە وە لە ڕێگای نوێنەرایەتی حکومەت بە فەرمی نەگاتە لیژنەی باڵای بایۆمەتری مووچەخۆران، ئەوا فۆڕمی بایۆمەتری پێنادرێت.، وە ئەو فۆڕمانە تەنها لە ڕێگای نوێنەرایەتیەوە پەسەند دەکرێت.
دووپاتی دەكاتەوە وەکیل و بریكار لە بڕی مووچەخۆر لە سیستەمی بایۆمەتری ڕۆڵی نیە و ناتوانرێت تۆمار بکرێت.

لە تۆماری بایۆمەتری مووچەدا بە گشتی تاوەكو ئێستا ملیۆنێك و 202 هەزارمووچەخۆر لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.



AM:10:28:15/08/2017