"گۆڕان وەڵامی شەش خاڵەکەی پارتی داوەتەوە"

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت وەڵامی پارتی لە کۆبوونەوەکەدا دراوەتەوە.

عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە ئێن ئاڕ تی وتووە "ئەو خاڵانەی پارتی پێشکەشی کردووە پێویستی بە زەمینەسازی و میکانیزمی گونجاو هەیە و دەبێت باوەڕی تەواو هەبێت کە بارودۆخەکە چارەسەر دەکرێت".

ڕوونیشی کردووەتەوە "ئێمە پێمان وایە ئەگەر نیەتی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان ئەوا دەبێت حزبەکان هەموویان بەیەکەوە کۆببنەوە و ڕێککەوتن لەسەر چارەسەرکردنەکان بکرێت، چونکە ئیتر خەڵکی ناتوانێت باری گرانی ئەم دۆخە هەڵبگرێت".

ئەو جەخت دەکاتەوە لە پرۆسەی سەربەخۆیدا پارتی جدی نییە و دەڵێت "ئێمە نیەتی جدی پارتی نابینین لە پرۆسەی سەربەخۆییدا، چونکە ئەگەر نیەتێکی جدی هەبێت دەبێت کار لەسەر یەکڕیزی نیشتمانی بکرێت کە پارتی خودی خۆی کاری لەسەر لێکترازان کردووە لە ڕابردوودا".

وتووشیەتی "ئەو وەفدەی سەردانی وڵاتانیان کردووە ئێمە شەرعیەت بە کۆبوونەوەکانیان نادەین و نوێنەری تەواوی خەڵك نین، چونکە هەر خودی لیژنەکە یەکێتی بەسەر دووبەرەدا دابەشکردووە کە ئایا ئەوان بەشدارن لەو وەفد و لیژنەیە یان نە".



PM:10:22:21/08/2017