كۆشكی سپی داوای هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم دەكات

چەند كاتژمێر پاش پشتیوانی پەرلەمانی كوردستان لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، كۆشكی سپی ئەمەریكا رۆژی هەینی 15ی ئەیلول لە راگەیەنراوێكدا خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمە.

کۆشکی سپی لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بڕیاری ڕیفراندۆم ڕابگرێت و هەڵیبوەشێنێتەوە و دەست بکات بە گفتوگۆی جدی لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

کۆشکی سپی شەوی رابردوو ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا بڵاوکردەوە و تیایدا هۆشداری دەداتە بەرپرسانی هەرێم و تیایدا هاتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی لەو ڕیفراندۆمەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی ناوچە جێناکۆکەکان ناکات، کە بڕیارە ئەم مانگە بەڕێوە بچێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کۆشکی سپیدا ئەوەش هاتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین جار بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ڕیفراندۆم زیان بە هەوڵەکان دەگەیەنێت بۆ شکستی داعش و هەروەها کاریگەریی دەبێت لەسەر جێگیری و ئارامی ناوچە ئازادکراوەکان.

لە بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکەی کۆشکی سپیدا باسی ئەوەشکراوە، بەرێوەچوونی ڕیفراندۆم لە ناوچەکە زیانی لێدەکەوێتەوە و بە تایبەتی دەبێتە هۆی وروژاندن و ناجێگیرکردنی دۆخی ناوچەکە، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ڕیفراندۆم ڕابگرێت و هەڵیبوەشێنێتەوە و دەست بکات بە گفتوگۆی جدی و ڕیشەی لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش چەدین جار ڕایگەیاندووە، کە ئامادەیە ئاسانکاری بۆ ئەو بابەتە بکات.



AM:09:32:16/09/2017