جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی سەردانەکەی سەلیم جبوری بۆ لای بارزانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ئەو سەردانە "شەخسییە و پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە".


ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی تشرینی یەکەم، هومام حەمودی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە سەردانەکەی سەلیم جبوری بۆ لای بارزانی ڕایگەیاندووە "ئەو سەردانە پێچەوانەی ئەو ئاڕاستەیە کە پەرلەمان کاری بۆ کردووە و وتیشی کە هۆشدارییان داوەتێ سەردانەکە نەکات".

ئاماژەی بەوەشداوە سەردانەکە هیچ لە هەڵوێستی بارزانی ناگۆڕێت و چارەسەرکردنی کێشەکانیش سەرەتا بە ڕەتکردنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم و پابەندبوون بە دەستور و بڕیارەکانی دادگای ناوەندی دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی، ئوسامە نوجەیفی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند "لە داهاتوویەکى نزیکدا دەرئەنجامەکانى دەستپێشخەرییەى لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانى عێراق و سەرکردەى لایەنە سیاسییەکانى تر تاوتوێ دەکات".

ئەوەشی وتووە "لە کۆبوونەوەکانمدا لەگەڵ هەر یەک لە بارزانى و ئەردۆغاندا جەختمان لەسەر یەکپارچەى خاکى عێراق و ڕێزگرتنى دەستور کردووەتەوە، باسمان لەوە کردووە گرنگە بە گفتوگۆ سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێت".

نوجەیفی ئەوەشی وتووە "کێشەى ڕێفراندۆم و دەرهاویشتە خراپەکانى دەرئەنجامى چەند سیاسەتێکى هەڵەبووە و پێوستە ڕێگەچارەى مامناوەند لە نێوان هەردوولا بدۆزرێتەوە".

ئەمڕۆ سەلیم جبوری سەرۆکى پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە کەمکردنەوەى گرژییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند سەردانى هەولێری کرد و لەگەڵ بارزانیدا کۆبووەوە.

هاوکات هێمن هەورامی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەتویتێکدا لەسەر کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و سەلیم جبوری نوسیوویەتی "سەرۆک بارزانی بە روونی بە سەلیم جبوری راگەیاند کە کورستان ئامادەیە بۆ گفتوگۆی هەمەلایەنە بە ئەجێندایەکی کراوە لە ماوەیەکی دیاریکراودالەگەل بەغدا و دەمانەویت بە گفتوگۆ و پشوو درێژی بگەینە ریککەوتن لەسەر قۆناغی پاش ریفراندۆم. هیچ کەس بیر لە هەلوەشانەوەی ئەنجامی ریفراندۆم نەکات چونکە ئەوە بریاری گەلە و هیچ کەس و هێز و لایەنیک ناتوانیت بریاری وابدات".

هاوکات سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە لە کۆبوونەوەکەدا "وێڕای دووپاتكردنەوەی پێویستی پاراستنی سەقامگیری و ئاساییش و دووركەوتنەوە لە گرژی، جەخت لەسەر هێوركردنەوەی بارودۆخی سیاسی و پشتبەستن بە پڕەنسیپی گفتوگۆ بە ئەجیندای كراوە و بەشداریی هەمەلایەنە بۆ گەییشتن بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرایەوە".



PM:04:25:08/10/2017