كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم: بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق ناڕوونە

سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕیی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بڕیارەكەی حكوومەتی عێراقی لەبارەی كۆمپانیاكانی مۆبایل بە"ناڕوون" لەقەڵەمدا كە باس لە گواستنەوەیان بۆ بەغدا دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی تشرینی یەكەم لە ڕاگەیاندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، سیروان بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم ڕایگەیاندووە، بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق لەبارەی كۆمپانیاكانی مۆبایل "ناڕوونی" تێدایە.

 سیروان بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە بۆ زانینی هۆكارەكانی ئەو بڕیارە و وردەكاریی زیاتر، نوێنەرانی كۆمپانیاكە دەچنە بەغدا و دەڵێت "ئێمە لە بنەڕەتدا بۆ كاركردن، مۆڵەتمان لە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن لە بەغدا وەرگرتووە و كۆڕەك تیلیكۆم بڕیارەكانی ئەو دەستەیە جێبەجێ دەكات، ئیدی نازانین مەبەستی ئەو بڕیارە نوێیەیان چییە؟".

ناوبراو جەختی لەوەكردەوە، هەر بڕیارێك لە بەغداوە دەربچێت، ئەوان بۆ خزمەتكردنی بەشداربوووەكانیان لە عێراق ‌و هەرێمی كوردستان پێیەوە پابەند دەبن.

ڕۆژی دووشەممە 9ی تشرینی یەكەم، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، بڕیاردراوە سەرجەم تۆڕەكانی مۆبایل بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەند و بۆ بەغدا بگوازرێنەوە.




PM:02:59:11/10/2017