سووپای عێراق دوا مۆڵەتی بۆ پێشمەرگەی سنورەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دیاریکرد

سوپای عێراق لە ئامادەكاریدایە بۆ دەستپێكردنی هێرشێكی بەرفراوان بۆسەر چەندین ناوچەی دیكەی كوردستان، بەپێی زانیارییەكان "بەنیازە بەرەو سنوری ئیبراهیم خەلیل و خورمەڵەش بڕوات" و سبەینێ چوار شەممەیش وەك دوا مۆڵەت بە پارتی دەدات بۆ رادەستكردنی ئەو ناوچانە.
ماڵپەڕی میللەتی نزیک لاهوری شێخ جەنگی لێپرسراوی دەزگای پاراستن و زانیاری لە هەواڵێکدا کە لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە وەریگرتووە "سوپای عێراق لە خۆ ئامادەكردندایە و بەنیازی هێرشێكی بەرفراوانە بۆسەر فیشخابور و شێخان و ئەلقوش و خالیدە و كەڵەك و ئیبراهیم خەلیل".

ئەو ماڵپەڕە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، سوپای عێراق ئامادەكاری كردووە و لە ئێستادا لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەوەی بەرەو سنوری گوێر و خورمەڵە و دیبەگە بڕوات".

كەناڵی (التغییر)ی عەرەبیش بڵاویكردەوە حكومەتی عێراق تاكو بەرەبەیانی سبەینێ چوار شەممە بۆ حكومەتی هەرێم دیاریدەكات، تاكو ئەو ناوچانەی رادەست بكات.

باس لەوەشكراوە، گفتووگۆ لە نێوان فەرماندە سەربازییەكانی سووپای عێراق و لایەنی كوردی هەیە بۆ رادەستكردنی دەروازەی فیشخابوور بە بەغداد.

هێزە سەربازییەكانی سوپای عێراق لە رێكەوتی 16 ی 10 ی 2017 ەوە هێرشێكی بەرفراوانیان بۆسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و تائێستا دەستیان بەسەر چەندین ناوچەدا گرتووە.



PM:06:50:24/10/2017