ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بە چ شێوازێک دەبێت؟

ئەنجومەنی پارێزگای سێمانی رایدەگەیەنێت ئەگەر حکومەتی عیراق ڕەزامەندی لەسەر ھەر داوایەک بۆ ڕەوانەکردنی موچەی فەرمانبەران بدات ئەوا بەشێوەی پێشینە (سلفە) دەبێت .

مەھدی مەحمود سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزگا داوامان لەحکومەتی ھەرێم کردوە لەماوەی ١٥ ڕۆژدا وەڵامی داواکەمان بداتەوە ئاخۆ دەتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بکات یاخود نا، چونکە جەختدەکەینەوە ناکرێت بەو شێوازەی ئێستا مامەڵە لەگەڵ ئەم میلەتەدا بکرێت".
ناوبراو زیاتر روونیکردووەتەوە و وتویەتی "ئەگەر حکومەتی عیراق ڕەزامەندی لەسەر ھەر داوایەک بۆ ڕەوانەکردنی موچەی فەرمانبەران بدات، ئەوا بەشێوەی پێشینە (سلفە) دەبێت  تائەوکاتەی یاسای بودجەی ٢٠١٨ی عیراق لەئەنجومەنی نوێنەران پەسەنددەکرێت، دواتر پشکی ھەرێم دیاریدەکرێت".

مەھدی مەحمود سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھۆشداریدا لەوەی، "ئەگەربێت و حکومەتی ھەرێم وەڵاممان نەداتەوە، ئەوا ڕێوشوێنی دیکە دەگرینەبەر و ھەر ھەنگاوێک بنێین لەچوارچێوەی دەستورو یاسادا دەبێت، بەھیچ شێوەیەک ھەنگاوەکەمان مەترسی قوڵبونەوەی کێشەکان یاخود دوو ئیدارەیی لێناکەوێتەوە، بەڵکو تائێستاش بەشە دەرمان و بەشە خۆراک و موچەی پاسەوانی سنور لەلایەن بەغداوە دابیندەکرێت و ھیچ کێشەیەکیش نییە".

ناوبراو بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە، ئەگەر موچەی فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی یاخود موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابینبکرێت ھەنگاوێکی ئیجابیەو پێشوازی لێدەکەن.

لەبارەی دیاریکردنی ١٥ ڕۆژ بۆ حکومەتی ھەرێم جەختیکردووەتەوە، "ئەو ھەنگاوەی گرتومانەتەبەر ھەنگاوێکی ناچاریەو جگەلەوەش چاوەڕوانی وەڵام دەکەین، ئاخۆ دەتوانێت موچە دابەشبکات و بژێوی ھاوڵاتیان باش بکات، دوای وەڵامەکەش ئێمە ھەنگاوی جدی دەگرینەبەر".



AM:10:14:27/10/2017