‌هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: تەبایی لایەنە سیاسییەكان چارەسەری كێشە سیاسی و یاساییەكانە

د.یوسف محەمەد سادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاندووە"چارەسەركردنی كێشەكان بەدیالۆگ زامنی سەركەوتن و تێپەڕاندنی ئەم دۆخەن".

ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە ئەمڕۆ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازی كرد لە د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەدیدارێكدا بارودۆخی ئێستا لەهەموو گۆشە نیگاكانەوە باسكرا.

لەو دیدارەدا، سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ دووبارە دەربڕینی پرسە و ماتەمینی قوڵی بۆ لەدەستدانی سەرۆك مام جەلال، باسی لەوەكرد، ماڵئاوایی سەركردە و سیاسییەكی وەك مام جەلال، زیانێكی گەورەیە بەتایبەت لەئێستادا كە ناوچەكە بەقۆناغێكی دژواردا تێدەپەڕێت.

لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەركرا و پێویستیی یەكخستنی هەوڵەكان دوپاتكرایەوە، لەپێناوی هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو كاركردن بۆ زەمینەسازیی كەشوهەوایەكی سیاسیی لەبار بۆگرتنەبەری دیالۆگ و رێگەچارەی ئاشتیی تایبەت بە مەسەلە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەردولا، بەومەبەستەی لێكتێگەیشتنی واقیعیانە بێتەكایەوە.

لەو دیدارەدا، سەبارەت بەرەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان و كاریگەری قەیرانەكان لەسەر باروگوزەران و ژیانی هاوڵاتیان و رێگاچارەسەرییەكان گفتوگۆكرا.

لە دیدارەكەدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاندووە، یەكڕیزی و تەبایی گەلی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و چارەسەركردنی كێشە سیاسی و یاساییەكان بەدیالۆگ كلیل و زامنی سەركەوتن و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەن.



PM:08:37:28/10/2017