گۆڕان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

ژووری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوەدەكات "پارتی و یەكێتی لەئەنجامی سیاسەتێكی هەڵە بە ناوی ریفراندۆمەوە، تەواوی دەستكەوتەكانی گەلی كوردیان لەباشووری كوردستان خستە مەترسییەوە".

ژووری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەو راگەیەندراوەدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، چەند خاڵێكی لەبارەی دۆخی كەركووك و دوزخورماتوو ئاڕاستەی رای گشتی و خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە كە ئەمانەن:

- رۆژی 16-10-2017 بەهیچ شێوەیەك نەدەبوو فەرمان بكرێت بە هێزی پێشمەرگە و ئاسایش، بە تەواوەتی كەركووك بەجێبهێڵن و كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان تەسلیمی هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی بكەن و بە تەنیا لە ژێر ركێف و رەحمەتی ئەواندا بێت، چونكە ئەو ناوچانە كێشەلەسەرن و دەبێت بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن لەنێوان لایەنی كورد و دەوڵەتی عێراقدا، هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی چەند مافی بوونیان لەو ناوچانە هەیە، لایەنی كوردیش هەمان ئەو مافانەی هەیە

- پێویستە هەرچی زووە لایەنی كورد داوای چەسپاندنی پرەنسیپی هاوبەش لە كەركووك و ناوچەكوردستانییە دابڕێندراوەكان لەڕووی ئیداری و ئەمنییەوە لە عێراق و ئەمریكا و هاوپەیمانان بكات، وەك لە دەستووری عێراق و مادەی 140 دا هاتووە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لە رۆژی 21-10-2017 دووپات و جەختی لەسەر ئەو پرەنسیپە كردووەتەوە، كە ئەو ناوچانە هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ناسنامەكەیاندا نەهاتووە و وەك ناوچەیكێشەلەسەر دەمێننەوە، واتا لە ماوەكانی نێوان 2003-2014 چۆن بووە هەر وا دەمێنێتەوە.

- داوا لە خەڵكی ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان دەكەین ئەوەندەی بۆیان دەكرێت شار و شاروچكە و گوندەكانی خۆیان بە جێنەهێڵن، چونكە چۆڵكردن و بەجێهێشتنی ئەو ناوچانە ئاسایشی نەتەوەیی كورد دەخاتە مەترسییەوە و باری دیمۆگرافی دەگۆڕدرێت بە قازانجی نەیارانی كورد.

بزووتنەوەی گۆڕان داوادەكات هەرچی زووە نوێنەرانی خەڵكی كوردستان لەبەغدا سەردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی لەنزیكەوە ئەو واقیعە ببینن كە بەسەر ناوچەكە و دانیشتووانەكەیدا هاتوون و لەرێگای ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی عێراقەوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دابمەزرێنن و كار بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان و بەسزاگەیاندنی تاوانباران بكات، ئەو لیژنەیە كار بكات بۆ گێڕانەوەی خەڵكەكە بۆ سەر زێدی خۆیان و گرەنتیكردنی سەر و ماڵیان.
                            



PM:02:09:29/10/2017