کەنەدا ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر وەردەگرێت

وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا ڕایگەیاند، بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا کەنەدا یەک ملیۆن کۆچبەر وەردەگرێت.


ماڵپەڕی هەواڵی کۆچبەری کەنەدا لەسەر زاری ئەحمەد حسێن، وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا، ڕایگەیاندووە، یەک ملیۆن کۆچبەری نوێ لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا لە کەنەدا جێگیردەبن.

وتیشی "ئەو ژمارەی گەورەترین ئاستی وەرگرتنی کۆچبەران لە مێژووی وڵاتەکەدا".

بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕەکە، وەرگرتنی ئەو ژمارە کۆچبەرە لە پلانی ساڵانەی ئاستی وەرگرتنی کۆچبەراندا دانراوە کە دوێنێ لە پەرلەمانی کەنەدا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

بەپێی هەواڵەکە، "کۆچبەری ئابوری" یاخود ئەو کۆچبەرەی کە تەنیا بۆ باشترکردنی گوزەرانی ڕوودەکاتە ئەو وڵاتە نەک بەهۆی خراپی دۆخی وڵاتەکەی، ڕێژەی زۆری ئەو ژمارەیە پێکدەهێنێت کە لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا لە کەنەدا جێگێر دەبن.

هاوکات بەپێی ئەو بەرنامەیە، ژمارەی کۆچبەران و پەنابەران لە کەنەدا لە ساڵی ٢٠١٨دا ٣١٠ هەزار کۆچبەر دەبێت، لە ساڵی ٢٠١٩دا ٣٣٠ هەزار دەبێت و لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٣٤٠ هەزار کۆچبەر دەبێت.

ئەحمەد حسێن ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی کەنەدا پێیوایە کە هاتنی کۆچبەری نوێ بۆ وڵاتەکە ڕۆڵێکی گرنگ دەگڕێن لە کۆمەڵگەدا و ڕاشیگەیاند، هەتا ساڵی ٢٠٣٥ پێنج ملیۆن کەنەی خانەنشین دەبن و لە بەرامبەردا خەڵکی کەمیان هەیە کە بیانخەنە جێگەیان.

بەپێی نوێترین ئامار، ژمارەی دانیشتووانی کەنەدا نزیکەی ٣٦ ملیۆن و ٧٣٦ هەزار و ٩٦ کەسە.



PM:01:17:02/11/2017