"پێشمەرگە دەروازەی فیشخاپوور و بۆریەکانی نەوت چۆڵ دەکات بۆ هێزە عێراقیەکان و حکومەتی فیدراڵ"

پێشمەرگە دەروازەی فیشخاپور و ناوچەکانی هەردوو بۆری کوردستان - جیهان و بۆری عێراق چۆڵ دەکات بۆ سووپای عێراق و حکومەتی بەغدا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسی پارتی لە هەولێر بە سپی راگەیاند " پارتی دیموکراتی کوردستان کە هێزی بالآدەستە لەناوچەکانی دهۆک و موسڵ بڕیاری داوە لە رۆژانی داهاتوودا دەروازەی فیشخاپوور کە دەکەوێتە سەر سنوری هەرێم و تورکیا و سوریا چۆڵ بکات بۆ ‌هێزە عێراقییەکان و حکومەتی فیدراڵ لەبەغدا".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە هێزە عێراقییەکان هاوشێوەی کەرکوک بەهێزێکی زۆرەوە دەروازەی فیشخاپور کۆنترۆڵ دەکەن و تیایدا جێگیر دەبن، هاوکات هەردوو بۆری کوردستان - جیهانی حکومەتی هەرێم و، بۆری نەوتی کەرکوک - جیهانی عێراق کۆنترۆڵ دەکەن و تیایدا دەمێننەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە چۆڵکردنی ئەو ناوچانە بە لێکتێگەیشتنی حکومەتی تورکیا و عێراق بەڕێوە دەچێت، هەرچی تورکیایە دەیەوێت باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان لەیەک دابڕێت و بەمەش گەمارۆی پەکەکە و یەپەگە لە شەنگال و رۆژئاوا دەدات و رێگای لێدەگرێت کە هیچ پەیوەندیەکیان بمێنێت بە بە باشووری کوردستان و قەندیلەوە. هەروەها عێراق و ئێرانیش هیلالی شیعە کە دەمێکە نەخشەی بۆ دادەڕێژن، تۆکمە دەکەن، هاوکات کۆنترۆڵی خاڵی بەهێزی حکومەتی هەرێم دەکەن کە بۆری نەوتی کوردستان و بۆری نەوتی عێراقە، ئەمە جگە لەوە بەدیلێکی دەروازی ئیبراهیم خەلیل دروستدەکەن و راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە ناوچەکانی پاڕێزگای موسڵەوە، نەک وەک ئیبراهیم خەلیل کە بەناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕدەبێت.

سەرچاوەکەی سپی پێیوایە کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچانە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ناوەندیەوە جگە لەوەی تورکیا بە شێکە لە پیلانەکە، هاوکات ئەمەریکاش بێدەنگەو مەکتەبی سیاسی پارتی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە برێت مەکگرۆک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ جەنگی دژی داعش و، باڵوێزی ئەمەریکا لە بەغدا رۆڵێکی خراپیان لەسەر دۆخەکە نیشانی ئیدارەی ئەمەریکا داوە، مەکتەبی سیاسی پارتی پێیوایە ئەمەریکا بەتەواوی پشتی لە کورد کردووە.

هەفتەی رابردوو هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی زومار و پاشان هەڵكشان بۆ ناوچەی فیشخاپوور، بەلآم هێزی پێشمەرگە بەرپەرچی دانەوەو شەڕێکی قورس روویدا، دواتر لەسەر داوای ئەمەریکییەکان شەڕ راگیرا، لە دوو رۆژی رابردووشدا فەرماندەی هێزە عێراقییەکان و فەرماندەی پێشمەرگە لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا یەکتریان تۆمەتبار کرد بەوەی کە رێککەوتنەکە پێشێل دەکەن.






PM:09:42:04/11/2017