رێباز حەملان: تەحەدا دەكەم یەك بەڵگە لەسەر بەندە بسەلمێنرێت گەندەڵیم كردبێت

رێباز حەملان وەزیری لەسەرکارلادراوی گۆڕان دەڵێت " تەحەدای هەر كەسێك دەكەم یەك بەڵگە لەسەر بەندە بسەلمێنێ كە گەندەڵیم كردبێت".

لە روونکردنەوەیەکدا کە دانەیەکی دەست سپی کەوتووە، رێباز حەملان کە ماوەی نزیکەی دوو مانگە لە گۆڕان نەماوەو دەستی لەکارکێشاوەتەوە، لەسەر ناوهێنانی لە هەندێک میدیای عێراقی و کوردیدا بەوەی کە پارەی نەوت خستبێتە سەر هەژماری خۆی لەدەرەوەی وڵات، دەڵێت " من وەك رێباز حەملان نە لە وڵاتی توركیا، نە لە ئەوروپا و هیچ وڵاتێكی تری دەرەوەی عێراق هیچ حسابێكی بانكیم نییە".

رونكردنەوەیەك لە (رێباز حەملان)ەوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان
هاونیشتمانیانی خۆشەویست، ئەمڕۆ لە هەندێك دەزگاگانی راگەیاندنی باشوری كوردستان هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە كە پارەی چەند بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان بلۆك دەكرێت ولەناویاندا ناوی بەندەش هێنراوە  وەك وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم كە حسابە بانكیەكانم لە دەرەوەی وڵات بلۆك بكرێت.
هەرچەندە دڵنیا نیم لە راستی هەواڵەكە، بەڵام لەبەر بلاو بوونەوەی لە میدیاكاندا بە پێویستم زانی لە رێگەی ئەم رونكردنەوەیەوە  چەند خاڵێك بۆ ئێوەی بەڕێز بخەمەڕوو:
یەكەم: حسابی بانكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی توركیا  و لە هاڵك بانك لە 15/9/2015 بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە داهاتی فرۆشتنی نەوت بە بۆری بخرێتە ئەو حسابە و بەندە وەك وەزیری  دارایی و ئابووری  مافی رەفتاركردنم پێی هەبێت، كە ئەمەش یەكێك بوو لە دەستكەوتە گرنگەكان بۆ هێنانەوەی داهاتی نەوت لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری بە ئاگاداری پەرلەمانی كوردستان،  ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز بوە، لەوكاتەدا سەردان كردنم بۆ توركیا و بینینی وەزیری دەرەوەی توركیا و بریكاری وەزیری وزەی توركیا و بەڕێوەبەری گشتی هاڵك بانك لەكاتی خۆیدا لە راگەیاندنەكان بڵاومان كردەوە، بەڵام بەهۆی كێشە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان تەنها سێ هەفتە دوای ئەو فەرمانە لە كارەكانمان دوورخراینەوە، لەبەر ئەوە هیچ مامەڵەیەك بەو ژمارە حسابیە نەكراوە كە بە واژۆی بەندە بێت.
دووەم: من وەك رێباز حەملان نە لە وڵاتی توركیا، نە لە ئەوروپا و هیچ وڵاتێكی تری دەرەوەی عێراق هیچ حسابێكی بانكیم نییە.
سێ هەم: بەندە دەست خۆشی و پشتیوانی لە هەموو پەرلەمانتارێكی عێراق و هەرێمی كوردستان و لیژنە پەیوەندارەكان دەكەم  كە هەوڵبدەن  پارەی قوتی خەڵك بگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی گشتی و هەر كەسێك  بە بەڵگەوە لەسەری سەلمێنرا كە پارەی خەڵكی خواردوە پێویستە لەبەردەم میللەتەكەمان توندترین سزا بدرێت.
چوارەم: وە لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم كە بیری بەڕێزتان بخەمەوە من تەنها ساڵێك و سێ مانگ لەكاردا بووم وەك وەزیری دارایی و ئابووری لە 18/6/2014 تاوەكو 12/10/2015، لەو بەروارەدا تەحەدای هەر كەسێك دەكەم یەك بەڵگە لەسەر بەندە بسەلمێنێ كە گەندەڵیم كردبێت، بەڵكو ئەو قسانەی دەوترێت لە عێراق  بەشی سەرەكی پەیوندارە بە كێشە و ململانێی نێوان بەغدا و هەولێر.
 ئەوەی لە كوردستانیش دەوترێت  بریتیە  لە ململانێی حزبی و شەخسی وتۆمەت هەڵبەستنی هەندێك خەڵكی هەلپەرست كە لە ئاوی لێڵدا ڕاودەكەن.
 لە كۆتایدا تەواوی ئەو تۆمەتانە بە توندی رەت دەكەمەوە و پشتیوانم بۆ هەر كارێك كە لەبەرژەوەندی میللەت و گێڕانەوەی مافی  میللەتەكەمدا بێت.
 تێبینی/ هاوپێج وێنەیەك لە فەرمانەكەی ئەنجوومەنی وەزیران.                                                         

لەگەڵ رێزدا...                                                                                                         

رێباز حەملان 



PM:07:11:08/11/2017