گۆڕان پشتگیری هەڵمەتی دژە گەندەڵی عەبادی دەکات

پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت "  پشتیوانی فراکسێۆنی گۆڕان ئەو هەڵمەتە راده‌گه‌یه‌نێت كه‌ حەیدەر عەبادی بۆ دژایەتی گەندەڵیی دەستیپێکردوەو جەختیش دەكاتەوە کە "پێویستە ئەو هەڵمەتە سەرە زلەکانی گەندەڵیی لەهەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە”.

 هۆشیار عەبدوڵا ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ گۆڕان، لەڕاگەیەندراوێکدا ده‌ڵێت، "ئێمە لەبزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی‌و پاڵپشتی هەر هەنگاوێک دەکەین کە ببێتە هۆی دژایەتی گەندەڵی ڕاوەدونان‌و سزادانی گەندەڵکاران لەدەوڵەتی عێراقدا”.
 
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت "پێویستە عەبادی کۆمەڵێک هەنگاو بکاتە ئەولەویەت گرنگترینیان دەستپێکردنی ئەو هەڵمەتەیە لەناو کابینە حکومیەکەی خۆیەوەو ڕەوانەکردنی هەر وەزیریکی بۆ دادگا ئەگەر ئاشکرا بێت تێوەگلاوە لەگەندەڵیی‌و دەستدرێژکردن بۆ ماڵی گشتی.”
 
لەبەشێکی تری بەیاننامەكه‌ەدا ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ڕایگەیاندوە، "خەڵک لەهەرێمی کوردستان دەپرسن، ئایا ئەو هەڵمەتی دژایەتی گەندەڵییە گەندەڵکارە گەورەکانیی هەرێمیش دەگرێتەوە یاخود عەبادی سیاسەتی لاموبالات‌و گوێپێنەدان بەگەندەڵیەکانیی هەرێم پەیڕەو دەکات‌و ئەو پرۆسەیە تەنها لەحکومەتی فیدڕاڵ ئەنجامدەدرێ‌و حکومەتی هەرێم ناگرێتەوە؟”.
 
هۆشیار عەبدوڵا پێیوایە پێویستە عەبادی لە بەرگە حیزبی و تایفەیی و نەتەوەیەکەی دەربچێت بەدوای گەندەڵکاریدا بچێت.



PM:08:28:24/11/2017