لە هەولێر .. پارتی هێرشیکردە سەر ژمارەیەک چالاکوانی تاڤگەری ئازادی

ژمارەیەك چەكداری سەر بە پارتی هەڵیانكوتایەسەر چالاكوانانی  ژنان و مەدەنی سەربە تاڤگەر و ڕێگریان لەبەڕێوەچوونی سیمینارێك گرت و بەوهۆیەشەوە ژمارەیەك چالاکوان برینداردەبن.

تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لەبەردەم ئەكادیمیای سیاسەت و هزری دیموكراسی لەشاری هەولێر، هێزەكانی پارتی ڕێگریان لێكردین كە سیمینارێكی تایبەت بەژنان ئەنجامبدەین و پەلاماری زۆربەی ئەو كەسانەشیاندا كە دەیانویست لەسیمینارەكە بەشداربن".

وتەبێژی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان، وتیشی:" چەكدارەكان هێرشی توندیان كردەسەر ئامادەبووان و زۆربەیان لێدانیان بەركەوت و یەكێك لەو كەسانەشی كە لێدانێكی زۆری بەركەوت، بەبێ هۆشی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر كرا".

لەبارەی ناسنامەی ئەو هێزەی كە پەلامارەكەی ئەنجامداوە، عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەلێدوانێكدا، بێ ئاگایی لەو روداوە دەربڕی و وتی:" ئێمە بەهیچ جۆرێك ئاگاداری ڕووداوەكە نین و هیچ كەسێكیش ئاگاداری نەكردوینەتەوە".

بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ 26ی تشرینی دووەمی 2017، لەچوارچێوەی هەڵمەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بەژنان، لەشاری هەولێر سیمینارێك لەژێر ناونیشانی (كێشەی ژن كێشەی كۆمەڵگایەو چارەسەركردنی ئەركی هەمووانە) بەڕێوەبچێت، بەڵام لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە ڕێگە نەدرا سیمینارەكە بكرێت.



PM:08:38:26/11/2017