لیژنەی تۆماری بایۆمەتری چەند ڕێنماییەك بۆ موچەخۆران بڵاودەكاتەوە

لیژنەی بایۆمەتریی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆران چەند ڕێنماییەك تایبەت بە موچەخۆران ئاڕاستەی وەزارەتەكان دەكات و ڕایدەگەیەنێت "هەر وەزارەتێك ناو و زانیاریی مووچەخۆری دواكە وتبوو لە تۆماری بایۆمەتری، بەشێوەی لیست بۆ سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بنێرێت"

بەگوێرەی نوسراوێكی لیژنەی باڵای بایۆمەتری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ١٤ی ئەم مانگەدا دەرچووە و لیژنەی باڵای بایۆمەتریی مووچەخۆران چەندین رێنمایی ئاڕاستەی وەزارەتەكان كردووە و ئاماژە بەوە كراوە، "هەر وەزارەتێك ناو و زانیاریی مووچەخۆری دواكەوتبوو لە تۆماری بایۆمەتری، بەشێوەی لیست بۆ سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بنێرێت لە ڕێگەی نوێنەری فەرمیی وەزارەت نەك مووچەخۆر خۆیەوە".

لیژنەی بایۆمەتری داواشی كردووە، لە نووسراوەكەدا وەزیری پەیوەندیدار پێویستە بە ڕوونی ھۆكاری دواكەوتن و بەردەوامیی مووچەخۆر لە كارەكەی ئاماژە پێ بكات و بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن كە ئەم مووچەخۆرە لە ماوەی دیاریكراوی تۆماری بایۆمەتری بەردەوام بووە لە كارەكەی و شایستەی تۆماركردنن.


لە بەشێكی تری رێنماییەكاندا، ئاگاداری ئەو مووچەخۆرانەش كراوەتەوە كە خۆیان تۆمار كردووە و ناویان لە سیستەمدا نییە و باركۆدیان ون كردووە، بەهەمان شێوە دەبێت وەزیری پەیوەندیدار ناوەكانیان بە نووسراوی رەسمیی بە شێوەی لیست بۆ سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران بنێرێت، ئەویش لە ڕێگای نوێنەری وەزارەت رەوانە بكرێت و پێویستە بنووسرێت لەژێر رۆشنایی بڕیاری ١١١ لە ٣٠ی ئایاری ٢٠١٧ و رێگە چارەیەكیان بۆ بدۆزرێتەوە و ئاماژەش بەوە بكرێت، ئەمانە جیا لە كەیسی بڕگەی ١ تۆمار كراون و ناویان لە سیستەمدا نییە و باركۆدیان ون كردووە. روونیش كراوەتەوە، ئەو مووچەخۆرانەی كە خۆیان تۆمار كردووە و ناویان لە سیستەم نییە و باركۆدیان ھەیە، دەبێت فۆڕمی بایۆمەتری پەسندكراو لەگەڵ ژمارەی باركۆد و نووسراوی پشتگیریی فەرمانگەكەی لەگەڵ بەڵگەنامە فەرمییەكانی وەكوو ناسنامە و رەگەزنامە، یان كارتی زانیاری ببەن بۆ بنكەكانی تۆماركردن و نابێ ببردرێت بۆ شوێنی تر.

لە رێنماییەكەدا ئەوەش هاتووە، ئەو مووچەخۆرانەی مۆڵەتی بە مووچە یان بێ مووچەیان وەرگرتووە كە دەیانەوێ دەست بەكار ببنەوە، پێویستە ئەم بەڵگەنامانە لەگەڵ خۆیان بێنن بۆ بنكەی خۆتۆماركردن، فۆڕمی بایۆمەتریی پەسەندكراو، فەرمانی پێدانی مۆڵەت، فەرمانی دەستلەكارھەڵگرتن و  فەرمانی دەستبەكاربوونەوە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، سەبارەت بە مووچەخۆرانی دەروەی وڵات، یان ئەو مووچەخۆرانەی سوودمەندی پرۆگرامی تواناسازین و لەدەرەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستین، بەڵكوو وابەستەن بە وەزارەتی پلاندانان، بەھەمان شێوە نووسراوی پشتگیریی فەرمانگەكەی و نووسراوی پشتگیریی وەزارەتی پلاندانان پێشكەش بە بنكەی تۆماركردن بكەن و ئاماژە بەوە بدرێت كە مووچەخۆر بەردەوامە لە خوێندن و دەستبەكار نەبووەتەوە.

بۆ ئەو فەرمانبەرانەش كە تازە دادەمەزرێن، دەبێ فۆڕمی بایۆمەتری، فەرمانی دامەزراندنی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانی وەزارەتی دارایی، فەرمانی وزاری و فەرمانی دەستبەكاربوون، لەگەڵ پێناسی باری كەسی و رەگەزنامە لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ بنكەكانی تۆماركردن، تا تۆمار بكرێن و مووچەكانیان پێ بدرێت.



PM:02:36:28/11/2017