عەبادی ناردنی موچەی دوو وەزارەتی هەرێمی راگەیاند

عەبادی ڕەوانەکردنی مووچەی دوو وەزارەتی حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاند و داواش لە هەرێم دەکات هاوکاریان بن لە ووردبینیکردنی بۆ دیاریکردنی فەرمانبەرانی ڕاستەقینە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆی رایگەیاند "پرۆسەی وردبینیکردن لە لیستی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامەو لەئێستاشدا وردبینی لەلیستی فەرمانبەرانی ھەردوو وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی دەستپێکراوە بەمەبەستی دیاریکردنی فەرمانبەرانی راستەقینە.

وتیشی "دوای تەواوبوونی وردبینییەکان، موچەی ئەو دوو وەزارەتە خەرج دەکەین و وەزارەتەکانی دیکەش بەھەمان میکانیزم دەبێت".

عەبادی ئاماژەی بەوەشکرد کە داوایان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، ھاوکارییان بکات لە تەواوکردنی وردبینییەکە، راشیگەیاند "کێشەکە ئەوەیە سیستمێکی باش لە ھەرێمی کوردستان نییەو نازانین ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی چەندە، ناشتوانین بەبێ بنەما موچە رەوانە بکەین".

سەرۆک وەزیرانی عیراق وتیشی: پرۆسەی وردبینییەکە کاتی دەوێت، بەڵام زۆر ناخایەنێت.



PM:08:48:26/12/2017