مەلا بەختیار: دیسان دەیڵێم یەکێتی هێز تەسلیم ناکات

بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی ڕوبەڕی کرایەو دەڵێت "دیسان دەیڵێم یەكێتی بەبێ‌ پرۆژەی نیشتمانی‌ و دەستوری كوردستان، هێز تەسلیم ناكات رێگەش نادات چەكی بكەن".


دوای ئەو ڕەخنانەی كە بەهۆی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیەوە ڕووبەڕووی بونەوە، كاتێك وتی "ئەگەر یەك كورسی یان 100 كورسی بێنین، هەر یەكێتی نیشتمانیی كوردستانین، ئێمە قبوڵ ناكەین كەس چەكمان بكات، ئێمە چەكمان هەیەو كەس ناتوانێت چەكمان بكات".

مەلا بەختیار، ئەمڕۆ لەنوسینێكدا لەپەیجەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، بەناونیشانی "هاوسەنگیی هێزو ئازادی‌و دژایەتی تاوان" سوربونی خۆی لەسەر قسەكەی دوپاتدەكاتەوە‌و دەڵێت "من تێدەگەم، یەكخستن‌و یەكنەخستنی هێزەكان، بەپێی بەرنامەو مەرام، بۆ بەمشێوەیەی ئێستا دەشێوێندرێت‌.. دیسان دەیڵێم: یەكێتی بەبێ‌ پرۆژەی نیشتمانی‌و دەستوری كوردستان، هێز تەسلیم ناكات. رێگەش نادات چەكی بكەن. بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵدەكات".

مەلا بەختیار، لەنوسینەكەیدا، منەت بەسەر بزوتنەوەی گۆڕاندا دەكات، بەوتەی ئەو "كەس نییە لەیەكێتیدا نەزانێت، كاتێك پارتی هێزی ناردە سەر گۆڕان بەندە یەكێك بوم لەوانەی نەمانهێشت پشتئەستور بە هێزەكەی یەكێتی، ئەو هێزە بێتە ناو سلێمانی" دەڵێت "كاتێكیش سەدان پێشمەرگەی دێرین، بەسەرپەرشتی ئەندامێكی سەركردایەتی، دەیانویست بچنە سەر گردەكەی گۆڕانبەندە گێڕامنەوە".

چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانیەكەی مەلا بەختیار، كاردانەوەی لەلای بەشێك لە لایەنە سیاسیەكان‌و خودی حزبەكەی‌و تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا لێكەوتەوە.

مەحمود سەنگاوی لە وتەیەكیدا كە لە كۆنفراسی كۆمەڵەی ڕێكخستنە دێرینەكان لە شاری چەمچەماڵ رایگەیاند بەداخەوە هەندێك كەس لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا دێنە سەر تەلەفزیۆن‌و هەندێك قسە دەكەن كە ڕەنگە زیانی زۆری هەبێت بۆ یەكێتی.

وتی"لەم رۆژانەدا هەڤاڵێكمان لە تەلەفزیۆنەوە كۆمەڵێك قسەی كرد كە قسەكان دوورن لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە".کە مەبەست لێی مەلا بەختیاربوو.

سەنگاوی وتیشی "سەدام خاوەنی هێز و سوپا و چەکی قورس بوو بەڵام چونکە خەڵکی لەگەڵ نەبوو ڕووخا".


ئه‌م بابه‌ته ‌4954 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:36:13/01/2018