کەسایەتیەکی دیاری شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد

وەرزشکاری دێرینی کوردستان و عیراق، محەمەد عەبدوڵڵا مەستەفا ناسراو بە حەمەی عەبۆل کۆچی دواییکرد.


درەنگانی شەوی رابردوو حەمەی عەبۆل بەھۆی نەخۆشییەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە و دواتر لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

حەمەی عەبۆل لە ساڵی ١٩٥٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووەوەو لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە تێکەڵ بەدنیای وەرزش بووەو سەرەتای یاریکردنی وەک یاریزانی تۆپی پێ دەستی بە ورزشکردن کردووەو لەگەڵ چەندین یانەی شارەکەیدا خزمەتی وەرزشی کردووە، دواتر وەک داوەری پلە یەکی کوردستان و عیراق بڕوانامەی وەرگرتووەو چەندین خول و پاڵەوانێتی بەڕێوەبردووە.

حەمەی عەبۆل وەک کەسایەتییەکی گەورەی شاری سلێمانی و کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی ناسراوەو خەڵکانێکی زۆر بەتایبەت وەرزشدۆستان خۆشەویستییەکی زۆریان بۆی ھەبووە، چونکە وەک یاریزان و راھێنەرو داوەریش خزمەتی گەورەی تۆپی پێی کوردستانی کردووە.



PM:02:42:18/01/2018