سلێمانی...ناڕەزایی لە خزمەتگوزاری دەردەبڕێت

گەڕەكێكی شاری سلێمانی لەگەڵ ئەوەی پێشتر زەویەكانی لەلایەن شارەوانیەوە جیاكراوەتەوە تا ئێستا هیچ خزمەتگوزاریەكی نیە و سەرۆكی شارەوانی سلێمانیش هۆكارەكەی بۆ كەمی بودجە دەگێڕێتەوە.

گەڕەكی ژمارە 6ی بەشی 365ی كانی سپیكە كە لە ساڵی 2008وە لەلایەن شارەوانیەوە ئیفراز كراوە و تاكو ئێستا جگە لە كارەبا هیچ خزمەتگوزاریەكی پێنەگەیشتووە و ئاوی خواردنەوەشی لە ڕێگەی تەنكەرەوە بۆ دەچێت.

یەكێك لە دانیشتوانی ئەو گەڕەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد گەڕەكەكەیان زیاتر لە 400 ماڵی تێدایە و لەلایەن شارەوانیەوە پشتگوێ خراوە و وتی "چەند جار لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە داوای خزمەتگوزاریمان كردووە چونكە ماوەی 10 ساڵە بەم جۆرە دەژین، بەڵام تائێستا حكومەت گوێی بە داواكانمان نەداوە".

ئەو هاوڵاتیە پێیوایە شارەوانی جیاوازی لەنێوان گەڕەكەكاندا دەكات و وتیشی "چەندین گەڕەكی تر هەیە لەدوای ئێمەوە دروستبووە، بەڵام خزمەتگوزاریان بۆچووە".

هاوكات یوسف یاسین، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "هۆكاری سستی پرۆژەكان دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی و تا دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و بودجەی پێویست لەبەردەستدا نەبێت ناتوانین خزمەتگوزاریەكان بەپێی پێویست ئەنجام بدەین".



AM:11:27:24/01/2018