میدیاکانی تورکیا: کۆبوونەوەی ئەردۆغان و تیلەرسن ئەرێنی بووە

دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە و دوور لە چاوی میدیاکان کۆبووەوە و میدیاکانی تورکیاش دەڵێن "کۆبونەوەکە ئەرێنی بووە"

بەپێی میدیاکانی تورکیا، ئەردۆغان بەڕوونی چاوەڕوانی و کارە لەپێشینەکانی وڵاتەکەی لەبارەی عێراق و سوریا و شەڕی دژی تیرۆرەوە بە ڕێکس تیلەرسن وتووە.

بەپێی سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، کۆبوونەوەکە ئەرێنی و بەرهەمداربووە و بڕیاریشە تیلەرسن ئەمڕۆ لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیادا کۆبێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نورەدین جانکلی هاوتا تورکییەکەی، داوای کردووە ئەنقەرە هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بە ئاراستەی دژایەتیکردنی داعش لە سوریا، وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشەکانی تورکیا لە عەفرین.



AM:10:09:16/02/2018