رۆژنامەنووسێکی کورد لە کۆنگرەی رۆژنامەگەری نێوان راوێژکاری ئەڵمانیا مێرکڵ و سەرۆک وەزیران توورکیا یڵدرم، بە بەرزکردنەوەی وێنەی قوربانییەکانی هێرشەکەی سەر عفرین، سەرۆک وەزیرانی تورکیا سەغڵەت دەکات.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ ی شوبات لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بۆ ھەریەکە لە ئەنجیلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەڕێوە چوو، ئەو رۆژنامەنووسە کوردە لە ئەڵمانیا چەند وێنەیەکی ئەو منداڵانەی عەفرینی نیشانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا دا کە بە ھۆی بۆردومانی فڕۆکە و هێزەکانی سەر بە تورکیاوە بوونەتە قوربانی و بەمەش یڵدرم لەبەردەم رۆژنامەنووساندا سەغلەت دەبێت و وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت رۆژنامەنووسانی بەشداربووی تر بەوێنەگرتنی ئەمەوە بۆ ساتێک خەریک دەبن.
لەو کاتەی کە ڕۆژنامەنووسە کوردەکە سەرقاڵی نیشاندانی وێنەی منداڵانی قوربانیی ئۆپەراسیۆنی عەفرینە، یڵدرم بە پێکەنینەوە دەڵی " ئەو برادەرە سەرقاڵە"، دواتر ڕۆژنامەنووسە کوردەکە بەردەوام دەبێت لە نیشاندانی وێنەکان و بەو هۆیەوە یڵدرم تووڕە دەبێ و پێی دەڵێ: "پڕوپاگەندە مەکە، ئەو وێنانە ھی شوێنی دیکەن، ئەگەر دەتەوێ بزانی لە عەفرین چی دەگوزەرێ، وەرە سەردانی بکە".
دواتر پاسەوانەکانی ھۆڵەکە وێنەکان لە ڕۆژنامەنووسە کوردەکە وەردەگرن.