هەر هاوڵاتیەك پێوەری ئاوی دانەنابێت غرامە دەكرێت

كۆمپانیای جونۆن، كە كاری دانانی پێوەری میكانیكیی ئاوە، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، كە هەر ماڵێك پێوەری ئاوی نەبەستبێت، غەرامە دەكرێت و بڕی غرامەكەش ئاشكرادەكات.

ئەمڕۆ سێشەممە 20ی شوباتی 2018، كۆمپانیای جونۆن، كە كاری دانانی پێوەری میكانیكیی ئاوە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە "لە ماوەی ڕابردوودا كۆمپانیای جونۆن توانیویەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 215 هەزار پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنێت، بەپێی پێشنیارێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانیش، هەر ماڵێك پێوەری ئاوی نەبەستبێت، بە بڕی 100 هەزار دینار غەرامە دەكرێت".

هەر لە ڕاگەیاندراوەكەدا، هۆشیار عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی كۆمپانیای جونۆن ڕایگەیاندووە "لە ماوەی ڕابردوو كۆمپانیای جونۆن لەلایەن ستافەكانی دانانی پێوەری میكانیكیی ئاو، توانیویەتی ڕێژەیەكی زۆر لە پێوەری ئاو بۆ ماڵان ببەستێت و ئێستاش دەستكراوە بە چارەسەركردنی ئەو پێوەرانەی، كە كێشەیان هەیە بۆ ئەوەی لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، دەست بكرێت بە خوێندنەوەی پێوەر لە لایەن كۆمپانیای گرنگ".

دەشڵێت "تەنیا لەناو شاری سلێمانی لە كۆی 165 هەزار هاوبەشی ماڵ، توانراوە 125 هەزار ماڵ پێوەری ئاوی بۆ ببەسترێت، ئەو ماڵانەشی كە تا ئێستا پێوەریان بۆ دانەنراوە، لەسەر ویستی خۆیان بووە".

بەرپرسی ڕاگەیاندنی كۆمپانیای جونۆن باسی لەوەش كردووە، كە بەشێوەیەكی گشتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی توانراوە نزیكەی 215 هەزار پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت.

هۆشیار عەلی ئاماژەی بەوەش كردووە، كە بڕیارە لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، خوێندنەوەی پێوەری ئاو دەست پێ بكات، "پێویستە ئەو ماڵانەی تا ئێستا پێوەریان نەبەستووە، پێوەرەكانیان ببەستن، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی پێشنیارێكی بۆ حكوومەت و وەزارەتی پەیوەندیدار كردووە، كە هەر ماڵێك پێوەری ئاو نەبەستێت، بە بڕی 100 هەزار دینار غەرامە بكرێت".



PM:12:30:20/02/2018