قەرەیڵان بە زلەی شەڕڤانان وەڵامی ئۆردوغان دەداتەوە

کەسایەتی سیاسی و سەربازی دیاری پارتی کرێکارانی کوردستان، لەبری زلە عوسمانییەکەی ئۆردوغان، بەزلەی شەڕڤانان  وەڵامدەداتەوە.

موراد قەرەیڵان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێک کە لەگەڵ میدیای حیزبەکەی سازیداوە دەڵێت " 'دەوڵەتی تورکیا پشتی خۆی بە پڕوپاگەندەی درۆ گریداوە. ئەوان دەڵێن هەتا ئێستا ١٥٩٥ کەسمان کوشتووە، لە کاتێکدا کە ڕاگەیەنراوەکانی هەسەدە و یەپەگە، بە ئاشکرا پێچەوانەکەی دەسەلمێنن. یا ئەوەی کە دەڵێن ٦٠٠سەربازگەی یەپەگەمان وێران کردووە، باشە ئەی ئەگەر وایە بۆ توانای پێشڕەوی کردنتان نییە؟ ئەگەر ئەو هەموو سەربازگەیەتان وێران کردووە، ئەی کێ لە بەرانبەرتان ڕاوەستاوە؟ پڕوپاگەندەکانیان تەنیا درۆ چەواشەکارین و بۆ شاردنەوەی ئەو تێکشکانە ئابڕووبەرانەیەیە کە سوپاکەیان تووشی هاتووە''.

قەرەیڵان لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت "تورکیا هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤی لە عەفرین پێشێل کردووە و بە داخەوە دەوڵەتانیش لێی بێ‌دەنگن. دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی تیرۆریستی و دڕندەیە و بۆ کوشتنی کوردان کەڵک لە چەتەکانی داعش و نوسرە، چەکی ناتۆ و چەکە کیمیاوییەکان وەردەگرێت.

قەرەیڵان لێدوانەكەی ئەردۆغانی بەبیرهێنایەوە كە دەیگوت "شەقەزلـلەی عوسمانی" لە بەرامبەرەكانیان دەدەن و وتی، ''ئەردۆغان باس لە شەقەزلـلەی عوسمانی دەکات لە کاتێکدا کە ئەوەی شەقەزلـلەی خوارد بۆ خۆی و حکومەتەکەی بوو. ئەو شەقەزلـلەیەی یەپەگە لێیدان، قەت لەبیر ناچێت. گەلی عەفرین بەهەموو جیهانی پێشاندا کە زللـە چۆن دەوەشێنرێت".

ئەوەشخستەڕوو كە توركیا تیرۆریستە زیندانیكراوەكانی ئازاد كردووە بۆ بەشداریكردن لە پەلاماردانی عەفرین و رایگەیاند، دوو هەفتە لەمەوبەر، وەزیری دادی تورکیا باسی گیرانی 1300 داعشی کرد. بینالی یڵدرمی سەرۆک وەزیرانیش لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی ئەڵمانیا وتی کە 10هەزار داعشیمان گرتووە. "کامەتان ڕاست دەکەن؟ پێشتر 1300چەتەیان دادگایی کرد، بەڵام بۆ شەڕی عەفرین هەموویانیان سەربەست بەردا. داوا لە ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکەم کە چاودێری ئەو مژارە بکەن. داعشەکانیان هێناوە بۆ عەفرین هەتا شەڕیان بۆ بکەن. هەڵبەتە داعش و ڕژێمی تورکیا هاوپەیانی یەکترین و لە راستیدا ئەوەی داعشی بەهێز کرد، دەوڵەتی تورکیا بوو".

موراد قه‌ره‌یڵان، وتیشی، '' دووپاتی دەکەمەوە کە ئێمە وەکو گەلی کورد دەبێ لەسەر پێی خۆمان و بە ئیرادە و هێزی خۆمان تێ‌بکۆشین و پێگەی سیاسی خۆمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیاری بکەین. نابێ باوەڕمان بە هیچ هێزێک هەبێ".



PM:11:32:21/02/2018