وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێکی نوێی دەرکرد

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بڕیارێکی نوێی وەزارەتی ئاشکرارد و ڕایگەیاند، وەزارەت بڕیاردرا بە ڕاگرتنى وەرگرتنى پرۆپۆزڵ بۆ دامەزراندنى زانکۆ و پەیمانگەى تایبەت لە هەرێمى کوردستان.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕاگەیەندراوێکدا كه‌ وێنه‌ى بۆ "سپی میدیا" نێردراوه‌، ڕایگەیاند "بەفەرمانى وەزارى ژمارە (286) کە لە ڕێکەوتى (22/ 2/ 2018) بە واژۆى (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە، بڕیاردرا بە ڕاگرتنى وەرگرتنى پرۆپۆزڵ بۆ دامەزراندنى زانکۆ و پەیمانگەى تایبەت لە هەرێمى کوردستان".

ڕونیشیکردەوە ئەو بریارە بۆ دیراسەکردن و هەڵسەنگاندنى  دۆخى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى کوردستانه‌، وتیشی "بڕیاره‌كه‌ هاوکاتە لەگەڵ پێکهێنانى (بۆردى باڵاى خوێندنى تایبەت) لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە ئەرکى سەرەکى ئەو بۆردە بریتیە لە دیراسەکردنى هەمەلایەنەى دۆخى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و هەڵسەنگاندیان لەڕوى زانستى و ئەکادیمى و کارگێڕى و دارایى و ژێرخانەوە".

لە کۆتایشدا، ئاشکرایکرد ئەو بڕیارە کە پەیوەستە بەڕاگرتنى وەرگرتنى پرۆپۆزەڵ بۆ دامەزراندنى زانکۆ و پەیمانگەى تایبەت  چووه‌تە بوارى جێبەجێکردنەوە و تا ڕێکەوتى (31/ 12/ 2019) بەردەوام دەبێت.

لە ئێستادا (١٥) زانکۆى تایبەت و هاوکات (10) پەیمانگەى تایبەتیش لە هەرێمى کوردستان هەیە و هەروەک چەند زانکۆیەکى دیکەش دواى تێپەڕبون بە پڕۆسەکانى دڵنیاى جۆرى و متمانەبەخشین و سەرجەم ڕێکار و ڕێنماییە یاسایى و کارگێڕییەکاندا ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانیان بۆ دامەزراندن وەرگرتوە.



AM:09:56:23/02/2018