ماکرۆن بۆ ئەردۆغان: دەبێ ئاگربەست عەفرینیش بگرێتەوە

سەرۆكی فەرەنسا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرك کۆماری توركیای راگەیاندووە كە ئەو ئاگربەستەی ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری لەسەردا "دەبێ عەفرینیش بگرێتەوە".

ئێمانوێل ماكرۆن لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەیدا لەگەڵ ئەردۆگان، دووپاتی لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی ئاگربەستی مرۆیی ژمارە 2401ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە سەرجەم ناوچەكانی سووریا كردووەتەوە، بە شاری عەفرینیشەوە.

سەرۆكی فەرەنسا مەترسی قووڵی خۆی پێشان داوە لە بەردەوامبوونی شەڕ لە ناوچەكە و ئاماژەی بە غوتەی رۆژهەڵاتیش كردووە، كە لەلایەن ڕژێمی سووریاوە كۆمەڵكوژی تێدا ئەنجام دەدرێ.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی كۆشكی ئیلیزێی فەرەنسا، ماكرۆن بە ئەردۆگانی راگەیاندووە كە دەبێ لەلایەن هەمووانەوە، بەبێ دواخستن، ئاگربەستەكەی سووریا جێبەجێ بكرێت.

ئەم داوایەی ماكرۆن لە كاتێكدایە كە دوێنێ توركیا لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەكە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، رایگەیاند كە ئاگربەستەكە شەڕی عەفرین ناگرێتەوە.



PM:08:13:26/02/2018