گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە بازیدی سەر بە ئاگری چەند چالاکییان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا ٢٦ سەربازی سوپای تورک کوژراون.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ئاماری چالاکییەکانی گەریلاکانی لە بازیدی سەربە ئاگری بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە " گەریلاکانمان ڕۆژی ١٢ی ئازار کاتژمێر ٠٢:٠٠ لە بازیدی سەربە ئاگری لە دژی ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای تورک لە جۆری کریپی و ئۆتۆمبێلێکی دیکە چالاکاییان ئەنجامدا، ئەندامانی دەزگای سیخوڕی و هەواڵگری لەو ئۆتۆمبێلەدا بوون، هەر دوو ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی تێکشکێندران، لە ئەنجامی چالاکییەکەدا لاشەی پێنج ئەندامی دەزگای هەواڵگری تورک لە شوێنی چالاکییەکە مانەوە".
لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە " پاش ئەو چالاکییە هێزەکانی سوپای تورک بە دوو ئۆتۆمبێلی دیکە هەوڵیاندا لاشەکان لە شوێنی چالاکییەکە بگوازنەوە، کە ئەوانیش کرانە ئامانجی چالاکیی گەریلاکانمان و گورزی سەخت لە هەر دووی ئەو ئۆتۆمبێکانەش درا، پاشان هێزەکانمان چوونە سەر ئۆتۆمبێلەکان دەستیان بە سەر ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگەکانی ئەو گروپە هەوڵگرییەدا گرت و پاشان ئۆتۆمبێلەکانیان سووتاند".
هەپەگە هەروەها ڕایگەیاندووە " ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە دژی کاروانێکی سوپای تورک کە لە ناوچەی دەمیرکاپییەوە تێپەڕدەبوو چالاکی ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تێکشکێندرا و کاروانەکە ناچاربوون پاشەکشە بکەن، ژمارەیەکی زۆریشیان لێ کوژرا".
لە بارەی ژمارەی کوژراوەکانی سوپای تورکیشەوە هەپەگە ڕایگەیاند: بەگشتی پێنج ئەندامی دەزگای هەوڵگری، پێنج کۆنتراگەریلا(دژە گەریلا) و ١٦ سەربازی تورک کوژران، کە کۆی ژمارەکەیان دەکاتە ٢٦ کەس، هەروەها ئۆتۆمبێلێک بەتەواوی تێکشکێندرا و گورز لە چوار ئۆتۆمبێلی سەربازیی دیکە درا، لەلایەکی دیکەوە گەریلاکان دەستیان بە سەر ژمارەیەکی زۆر لە چەک و تەقەمەنییەکانی ئەو هێزانەدا گرت.