پەروەردەی شارەزوور کاتی کرانەوەی دەرگای خوێندنگاکانی ئاشکراکرد

بەڕێوەبەڕایەتی پەروەردەی شارەزوور ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لەسەرجەم قوتابخانە و خوێندنگە و باخچەکانی منداڵانی سنوری پەروەردەی شارەزوور دەوام ئاسایی دەبێت.

لەڕاگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، هاتووە پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری خوێندنگەکانی سنورەکە، بە زۆرینەی دەنگ یڕیاریانداوە ڕۆژی یەک شەممە لە بەرواری ۱٨ی ئازار لەسەرجەم قوتابخانە و خوێندنگە و باخچەکانی منداڵانی سنوری پەروەردەی شارەزوور دەوام ئاسایی بکرێتەوە، بارودۆخ و هاوکاری مامۆستایان لەبەرچاو بگیرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە پێناو نەفاوتاندنی ساڵێکی خوێندنی خوێندکاران و لەبەرچاو گرتنی بەڵێنەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی موچە بەکۆی دەنگی ئامادەبووان ئەو بڕیارەیانداوە.

هەر لەڕاگەیاندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور داوا لە کەس کاری قوتابیان و خوێندکاران دەکات پاپەندبن بە کات و شوێنی دەوامەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەى زیاتر لە دوو مانگ دەبێت له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردوو ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان و ڕاپه‌رین مامۆستایان بەهۆی پێنەدانی موچەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەچوونەتەوە هۆڵەکانی خوێندنەوە و تەنیا بەشێک لە مامۆستایان بایکۆتیان شکاندووە.



PM:04:47:15/03/2018