یەپەگە هۆکاری کشانەوەیان لە عفرین ئاشکرا دەکات

یەکینەکانی پاراستنی گەل هۆکاری کشانەوەیان لە شاری عفرین گەڕاندەوە بۆ ئەو پیلانی کۆمەڵکوژیەی کە تورکیا بۆ شارەکەی ئامادە کردبوو، هاوکات روسیای بەهۆکاری سەرەکی ئەو لەشکرێکیشیە ناوزەد کرد.

نووری مەحموود، وتەبێژی یەپەگە بە میدیایەكی نزیك لە پەیەدەی راگەیاندووە، توركیا و گرووپەكانی دیكەی وەك بەرەی نوسرە، بە چەك و تانكی زلھێزان ھێرش دەكەنە سەر خەڵكی سڤیل و لە كاتێكدا ئەوان نزیكەی دوو مانگ بەرگرییان كرد، ئەوەیان تێبینی كرد كە ئامادەكاری كۆمەڵكوژییەكی گەورە دەكرێت و بە ھەموو شێوەیەك ناوەندی عەفرین بۆردومان كرا.

روونیشی ده‌كاته‌وه‌، لەپێناو رێگری لە كۆمەڵكوژی لە شارەكە كشاونەتەوە، بەلام ئەو دەڵێت "یەپەگە دەستی بە قۆناخێكی نوێی چالاكییەكانی دژی توركیا كردووە و بە تەكتیكی نوێ بەردەوام دەبن".

گوتەبێژی یەپەگە پەنجەی تۆمەت بۆ رووسیا درێژ دەكات و بە تاوانباری سەرەكیی دەزانێت لە داگیركردنی عەفرین بەو پێیەی گڵۆپی سەوزی بۆ ھەڵكردووە و ئاسمانی سووریای بە روودا كردووەتەوە.

هه‌روه‌ها رایگەیاند، عەفرین نابێتە شوێنێكی ئارام بۆ توركیا، بەرگریكردنمان لەو شارە بەردەوام دەبێت و تا عەفرین رزگار نەكەین ناوەستین.

دوای 58 رۆژ به‌رده‌وام بوونی سوپای توركیا، له‌ ئۆپه‌راسیۆنی چڵه‌ زه‌یتوون، دواجار له‌ 18ی ئادار/ مارسی 2018، داگیركرا و له‌و ماوه‌یه‌شدا، به‌ هۆی بۆردومانه‌كانی سوپای توركیا، نزیكه‌ی 290 هاووڵاتی سڤیل شه‌هید و 680ی دیكه‌ش برینداربوون.
 



PM:01:17:21/03/2018