وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا په‌یامێكی هه‌ڕه‌شه ئامێز ئاراسته‌ی په‌كه‌كه ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌وه‌ی له‌عه‌فرین كردمان، به‌دڵنیاییه‌وه له‌شنگال و قه‌ندیلیش دوباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه".
مه‌ولود چاوش ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی فه‌رمیی وڵاته‌كه‌ی ڕایگەیاند "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌نكه‌ره دژایه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ناكات، دواتر ئێمه خۆشحاڵین به‌په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا".
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، "هه‌ولێر له‌ئێستادا دانی به‌هه‌ڵه‌كانی خۆیدا ناوه بۆیه وه‌كو ده‌بینین ده‌یانه‌وێت له‌به‌غدا نزیك ببنه‌وه، به‌دڵنیاییشه‌وه ئێمه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ عیراق باشتر ده‌كه‌ین".
سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ری په‌لاماردانی شنگال و عه‌فرین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا وتی "ده‌مه‌وێت هه‌مولایه‌ك له‌وه ئاگاداربن، ئه‌وه‌ی له‌عه‌فرین كردمان، به‌دڵنیاییه‌وه له‌شنگال و قه‌ندیلیش دوباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه".
له‌باره‌ی ڕه‌وشی مه‌نبه‌ج-یش ئاشكرایكرد، "لێكتێگه‌یشتنمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌یه‌و لیژنه‌ی هاوبه‌شیش سه‌رقاڵی واژۆكردنی ڕێكه‌وتنن كه ده‌بێت یه‌په‌گه له‌مه‌نبه‌ج بكشێته‌وه ئه‌مه لای ئێمه كۆتاییهاتوه‌و قسه‌ی دیكه‌ی له‌باره‌وه ناكه‌ین".
زیاتر له‌وباره‌یه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ده‌بێت عه‌ره‌ب له‌مه‌نبه‌ج ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست نه‌ك یه‌په‌گه‌و په‌یه‌ده‌و په‌كه‌كه، چونكه له 90%ی عه‌ره‌به‌و 5%ی كورد‌و 5%كه‌ی دیكه‌ش توركمانه، بۆیه نابێت ده‌سه‌ڵات لای كورد بێت له‌مه‌نبه‌ج".
وتیشی "سه‌باره‌ت به‌مه‌نبه‌جیش هه‌ر ئه‌مڕۆ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا‌و دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنی ئه‌نجامده‌ده‌ن و گفتوگۆی جدی له‌وباره‌یه‌وه ده‌كه‌ن".