هەنگاوەكانی نەهێشتنی پاشەكەوتی موچە ئاشكرادەكرێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت بۆ ئەوەی حكومەتی ھەرێم بتوانێ پاشەكەوت نەھێڵێ، پێویستە خەرجێكان كەم بكرێتەوە دەشڵێت "پێویستە حزبەكانی ھەرێم واز لە موزایەدەی سیاسی بهێنن".

مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەئەكاونتی تایبەتی خۆی لە نوسینێکدا لەژێر ناوی "چۆن چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەكرێت و پاشەكەوت نامێنێ؟" بڵاوكردۆتەوە و نوسیویەتی بۆ ئەوەی كورد بە گشتی و حكومەتی ھەرێم بە تایبەت بتوانێ كێشەی مووچە چارەسەر بكات، سێ ھەنگاوی گرنگ ھەیە پێویستە ئەنجام بدرێت ، یەكەمیان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە و دوھەمیان لەلایەن حكومەتی فیدراڵی و سێھەمیان لەلایەن حكومەتی ھەرێمەوە بەم شێوەی خوارەوە:

١- بۆ ئەوەی حكومەتی ھەرێم بتوانێ پاشەكەوت نەھێڵێ، پێویستە خەرجێكان كەم بكرێتەوە، ئەگەر پەرلەمانی كوردستان یاسای چاكسازی خانەنشینی تەشریع بكات سەرووی سەد ملیار دینار مانگانە لە خەرجی حكومەت كەم دەبێتەوە و جیاوازی داھات و خەرجێكان كەمتردەبێتەوە، بۆیە پێویستە بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی ھەرێم حزبەكانی ھەرێم بێ ھیچ موناقەشەیەك و موزایەدەیەكی سیاسی ئەو یاسایە تێپەرێنن و لەرۆژی دەرچوونی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

٢- بە پێ ی دەستووری عێراق حكومەتی فیدرالی بەرپرسە لە پێدانی مووچەو شایستە داراییەكان بۆ ھەموو عێراقێكان، بە پێ ی خشتەی مووچەو بیمەی كۆمەڵایەتی ھەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی ٢٠١٨ كە كەمكراوەتەوە بەراورد بە سالانی پێشووتر، پێویستە حكومەتی فیدرالی مانگانە ٢٩١ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێر ێ و١٢٨ ملیار بۆ بیمەی كۆمەڵایەتی كە دەكاتە ٤١٩ ملیار دینار، ھەروەھا بۆ مووچەی پێشمەرگە نزیكەی ٣٦ ملیار دینار مانگانە بنێرێ، واتا حكومەتی ئیتحادی بە پێ ی دەستورو یاسا پێویستە مانگانە ٤٥٥ ملیار دینار بۆ مووچەی ھەرێم بنێرێ.

٣- بە پێ ی بەدواداچوون و زانیارێكانی بەندە بە ئەنجامدانی ئەم دوو خالەی سەرەوە لەلایەن پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی فیدرالی، وە بە سوودوەرگرتن لە داھاتە كانی ھەرێم، نەوتی و غەیرە نەوتی، كێشەی مووچە و پاشەكەوت لە ھەرێمی كوردستان چارەسەر دەبێت و خەلكی ھەرێم لەم قەیرانە ئابووریە رزگاریان دەبێ.

مەسعود حەیدەر ڕاشیگەیاندووە "پێویستە ھەموومان كار لەسەر چارەسەركردنی كێشەكە بكەین، ئەوەی بەندە لە ماوەی رابردوو تێبینیم كردوە ، بابەتی مووچە كراوە بە بابەتێكی سیاسی و ھەر حزبەو بۆ ئامانجی سیاسی تایبەت قسەی لەسەر دەكا بەبێ ئەوەی چارەسەر پێشكەش بكات. حزبەكان لەسەر ھەرشتێك جیاوازو ناكۆك بن، ژیان و گوزەرانی خەلكی ئەم ھەرێمە وا دەخوازێت كۆك بن و بە دوای چارەسەر بگەرێن بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئابووری ھەرێم و مووچەی خەلكی".



PM:02:33:22/03/2018