خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستی پێکردەوە

بەیانی ئەمڕۆ ٢٦ ی ئازار خۆپیشاندانی مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران لە سلێمانی دەستیپێکردەوەو پۆل پۆل خۆپیشاندەر روو لەو خێمانە دەکەن کە لەبەر بینای دادگای سلێمانیدا هەڵیان داوە.

خۆپیشاندان کاتژمێر ٩ ی دەستیپێکردەوە، تا ئێستا پلانی ئەمڕۆ خۆپیشاندانەکە دیار نییە کە ئایا هەر لەبەردەم دادگای سلێمانیدا دەمێننەوە، یان بەخۆپیشاندان روو لە شوێنان دەکەن.

بۆتە نەرێت لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانی سلێمانی، خۆپیشاندان سەرجەم شارو شارۆچکەکانی زۆنگی سەوز و شین دەگرێتەوە، بەلآم خۆپیشاندەران چاوەڕوانی هەولێر دەکەن، بزانن وەک دوێنی خۆپیشاندان سازدەکرێت، پاش ئەوەی دوێنی لە ژێر فشار و ئازاردان و غازی فرمێسک رێژدا بلآوەی پێکرا.

دوێنێ لە دهۆک و چەند شارۆچکەیەکی تری ناوچەی زەرد خۆپیشاندان کرا، لە دهۆک مامۆستایەکی ناڕزای دەستگیرکرا، دواتر ئازاد کرا.

حکومەتی هەرێم دوای کۆبوونەوەیەکی بڕیاری دا ئەگەر بەغدا هەموو مانگێک بڕی ٣١٧ ملیار دینار بنێرێت، ئەوا ئەمان چاو دەگێڕنەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچەدا. هەروەها بڕیاری دەرکردووە کە کۆی داهات و چٶنێتی خەرجکردنی بۆ پەرلەمان و رای گشتی کوردستان ئاشکرا بکات.



AM:09:30:26/03/2018