كارگێڕی لقی چواری پارتی: ئێستای كەركوك وەك سەردەمی بەعسە بۆ پارتیەكان

كارگێڕی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان ڕیفراندۆم بەخاڵێكی گەش وەسف دەكات و دەڵێت "كەركوك داگیر كراوە".

حەسەن جەباری، كارگێڕی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پەیجی "سپی میدیا" لەبارەی دۆخی پارتیەوە ڕایگەیاند "یەكێك لە خاڵە جوان و گەشەكانی پارتی ئەوەیە كە 13 كۆنگرەی بەستووە لە مێژووی ژیانی سیاسی خۆیدا".


كارگێڕی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ڕیفراندۆم و دەرهاویشتەكانی دەڵێت "ڕیفراندۆم یەكێكە لەو خاڵە گەشانەی كە توانیمان سەری بخەین و شانازی پێوە بكەین و وە بەتەنها ئەم شانازیە بۆ پارتی ناگەڕێتەوە، بەڵكو بەشێكی زۆر لە لایەنەكانی تری هەرێمیش بەشداربوون".

دەشڵێت "ئەوەی لە كەركوك و خورماتوو ڕوویدا كارەساتێكی گەورەبوو لە خورماتوو سەرەڕای تەقاندنەوەی ماڵەكان دەستدرێژی سێكسی كرایە سەر ژنەكان، ئێستا ئەو ناوچانە وەك دۆخی سەردەمی بەعسە بۆ پارتیەكان، بۆیە ئێمە پێمانوایە كەركوك داگیركراوە و چۆن بەشداری لە هەڵبژاردن لە شارێك دەكرێت كە داگیركرابێت؟".

سەبارەت بە دروستبوونی هێزی سیاسی نوێ لە هەرێم ڕایگەیاند "بەشێك لەو هێزە سیاسیانە لەسەر دژایەتیكردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێت خۆیان دروست بكەن و دەنگ كۆبكەنەوە كە ئەم سیاسەتە شكستی خواردووە".



PM:01:41:27/03/2018