حکومەتی هەرێم راگەیاندنێک لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە

حکومەتی هەرێم لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن و دەستپێکردنی هەڵمەتی ئەو هەڵبژاردنە راگەیاندنێک بلاودەکاتەوەو داوا لە قەوارەو کاندیدەکان دەکات دوورکەونە لە توندوتیژی.

دەقی راگەیاندنەکە
 لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ و دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، داوا لە گشت لایەنە سیاسییەکان و هاوڵاتیان و پالێوراوان و لایەنگرانیان دەکەین کە لەکاتی ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن، پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:
• حکومەتی هەرێمی کورستان جەخت دەکاتەوە لەسەر پاراستنی مافی گشت پالێوراوان و لیست و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و عێراقی کە بە فەرمی تۆمار کراون لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکان، بۆ ئەنجامدانی چاڵاکییەکانیان و بانگەشەکردن بە ئازادی و لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان. هەر پالێوراوێک و لیستێکی هەڵبژاردن یان لایەنی سیاسی لەکاتی روودانی هەر دەستدرێژییەک لە هەر لایەکەوە بۆی هەیە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات.

• پێویستە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە گیانی یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتن لە رای بەرامبەر و رەچاوی بنەماکانی مافی ئازادی رادەبرین بەڕێوە بچێت و گشت لایەنەکان خۆیان
بەدوور بگرن لە هەر جۆرە توندوتیژی و ناوزڕاندن و کاری نایاسایی. و پابەندبن بە رێسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و یاسا پەیرەوکراوەکانی حکومەتی هەرێم.

• پێویستە گشت فەرمانگەکانی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگی تەواو بکەن لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، و کار بکەن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی بانگەشە و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤـ و پاراستنی مافی دەنگدەران و پالێوراوان و هاوڵاتیان.



PM:11:43:27/03/2018