ترەمپ هەڕەشە لە ڕوسیا و ئێران دەکات

دۆناڵد ترەمپ بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا بە "ئاژەڵ" لەقەڵەمدەدات و ڕاشیدەگەیەنێت "ڕووسیا و ئێران باجێکی گەورە دەدەن".

دۆناڵد ترەمپ لە چەند تویتێکدا بڵاویکردەوە، "لەو هێرشە دڕندانە کیمیاییەی کە لە سووریا ئەنجامدرا، زۆر کەس کوژراون لە ناویشیاندا ژنان و منداڵان".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو تاوانە لە ناوچەیەک ڕوویداوە کە لە لایەن سوپای سووریاوە گەمارۆ دراوە و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا نییە".

ترەمپ نووسیویەتی، "سەرۆک پوتین، ڕووسیا و ئێران بەرپرسیارن لەوەی کە پاڵپشتی ئەسەدی ئاژەڵ دەکەن و باجێکی گەورە دەدەن".

لە تویتێکی تردا دۆناڵد ترەمپ ڕەخنەی لە باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گرتووە و ڕایگەیاندووە،"ئەگەر سەرۆک ئۆباما پابەندی هۆشدارییەکی خۆی سەبارەت بە تێپەڕاندنی هێڵی سوور بوایە، لەمێژە بوو کارەساتی سووریا کۆتایی پێهاتبوو و ئەسەدی ئاژەڵ دەبوو بە مێژوو".

سەرۆکی ئەمریکا داواشی کردووە بە زووترین کات ڕێگەیەک بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ خەڵکی دوما بکرێتەوە.

ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە لە دوێنێوە سوپای سووریا هێرشێکى بەرفراوانى بۆ سەر دوما دەستپێکردووە و چەکی کیمیایی و گازە ژەهراوییەکان لە شەڕەکاندا بەکارهێنراون و بەو هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ هاوڵاتی مەدەنى کوژران و هەزار هاووڵاتی دیکە برینداربوون و توشى تەنگەنەفەسی بوون.



PM:07:10:08/04/2018