ئەمریکا ڕەخنە لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەگرێت

مایک پۆمپیۆ هەڵبژێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی لە تورکیا گرت سەبارەت بە هێرشی بۆ سەر کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان.

دوێنێ لەپێش بەخشینی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنجومەنی پیران لێپرسینەوەی لە مایک پۆمپیۆ کرد و لەو کۆبوونەوەیەدا سیناتۆر  ڕۆبێرت مێنێندێز لە  وێنەیەکی کۆبوونەوەی سەرۆکانی تورکیا و ڕوسیا و ئێرانی نیشانی پۆمیۆ دا و داوایلێکرد کە "ڕوونی بکاتەوە کە هەڵەی ئەو وێنەیە چیە؟".

مێنێندێز ڕاشیگەیاند، سەرۆکانی تورکیا و ئێران و ڕوسیا کۆبوونەتەوە و بە بێ ئەمریکا بڕیاریان لە چارەنوسی سوریا داوە و وتیشی " تورکیا کە دەبوو هاوپەیمانی ناتۆی ئەمریکا بووایە ئێستا شەڕی کورد دەکات، لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا پشتی بە کورد بەستبوو لە شەڕی دژ بە داعشدا".

پۆمیۆ لە بەرامبەردا ڕایگەیاند "بوونی هێزەکانی تورکیا لە عەفرین دۆخی سوریای هێندەی دیکە ئاڵۆزکردووە".

هەروەها وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند "کاتێک ئەمریکا خەلافەتی سوریای لەناوبرد هێزێک کاری زۆر باشیان کرد"، وتیشی، شەڕی دژ بە داعش کۆتایی نەهاتووە.

پۆمیۆ ڕاشیگەیاند "سەرۆکی ئەو سێ وڵاتە بۆ تاوتوێکردنی پارچە پارچەکردنی سوریا کۆبوونەتەوە و دەبوو ئەمریکا بەشداری بڕیاری دیاریکردنی چارەنوسی سوریای بکردایە"



PM:12:56:13/04/2018