ناکۆکیەکانی نێوان کۆمەڵ‌و یەکگرتوو بەردەوامە
ئەحمەدی حاجی رەشید وەڵامی موسەنا ئەمین دەداتەوە

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌په‌رله‌مانی عیراق، لەسەر یەکێتی خاکی عێراق وەڵامی موسەنا ئەمین سەرۆکی لیستی یەکگرتوو دەداتەوەو ده‌ڵێت"له‌دوای ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌وه‌ كه‌ بۆ خه‌ڵك و په‌رله‌مانتارم ڕونكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر سوێندی ده‌ستوری بخۆیت و بڕوات به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نه‌بێت ئه‌وا له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ سیفه‌تی په‌رله‌مانتاری هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌،وه‌ له‌ڕوی شه‌رعیشه‌وه‌ حه‌رامی كردووه".

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ به‌غداد له‌دوای ڕیفراندۆم و به‌شداریكردنیان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق وتی"ئێمه‌ پێش حه‌وت مانگ ده‌مانزانی كه‌ ڕیفراندۆم بۆ په‌رده‌پۆشكردنی گه‌نده‌ڵیه‌كان،بۆیه‌ هه‌رزوو دوای ڕیفراندۆم یه‌كێك بوین له‌و هێزانه‌ی كه‌به‌زووی گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ به‌غداد".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "هه‌ندێك هێزی سیاسی كه‌ بۆ موزایه‌ده‌ تائێستاش سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕیفراندۆمێكی دۆڕاو بكه‌نه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌و هێزانه‌ موحریجن به‌رامبه‌ر عیراق ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ هیچ ئیحراجیه‌كمان نیه‌ وه‌ هیچ هێزێكی سیاسی عیراقی كێشه‌ی له‌گه‌ڵمان نه‌بووه‌."

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید له‌باره‌ی ئه‌و سوێنده‌ ده‌ستوریه‌ی په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ وت"یبێگومان ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی بڵێ من سوێندم وا نه‌خواردووه‌ ئه‌وه‌ درۆی له‌گه‌ڵ خۆی و خه‌ڵكی عیراق و ده‌ستور كردووه‌ چونكه‌ ئێمه‌ له‌كاتی سوێند خواردندا به‌كوردی و عه‌ره‌بی ئه‌و سوێنده‌مان خوارد سوێندمان خوارد یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق بپارێزین."

دووشه‌ممه‌ د.موسه‌نا ئه‌مین سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌میانه‌ی وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"سه‌روه‌ری خاكی عیراق واته‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نا،له‌هیچ شوێنێكی ئه‌و سوێنده‌ باسی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ناكات من سوێند ده‌خۆم خاكی عیراق بپارێزم له‌ دوژمنه‌ ده‌ره‌كیه‌كان نه‌ك له‌گه‌لانی عیراق خۆی كه‌ ماڵی خۆیانه‌ خانه‌ له‌خاوه‌ن ماڵ ناپارێزرێت،عیراقیه‌كان ویستیان بیكه‌نه‌ دوو پارچه‌ سێ پارچه‌ ماڵی خۆیانه‌،من عیراق له‌عیراقیه‌كان ناپارێزم و بڕوام به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نیه‌."

به‌ڵام ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌سوێنده‌ ده‌ستوریه‌كه‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد به‌هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی سوێندیان خواردووه‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق بپارێزن ده‌شڵێت"له‌ سوێنده‌ ده‌ستوریه‌كه‌دا باسی یه‌كپارچه‌یی عیراق هاتووه‌ له‌وه‌ ڕونتر چی بڵێ كه‌ ده‌ڵێ سه‌لامه‌تی خاكی عیراق و ئاو و ئاسمان و سامانه‌كه‌ی.بون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی به‌و سوێنده‌یه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و سوێنده‌ی خوارد و پێچه‌وانه‌ی سوێنده‌كه‌ی كرد ئه‌وا بوون به‌ په‌رله‌مانتاریه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ ."




PM:02:14:23/04/2018