پارتی داوای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکات

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان داوا لە پەرلەمان دەکات لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دواتر پێکبهێنێت.

لە یاداشتێکدا کە فراکسیۆنی پارتی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردووە دەڵێت "دەسەڵات دراوەتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە لەکاتی پشووی خولەکانی گرێداندا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت''.

هەروەها داواش لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دواتر پێکبهێنێت کە بە وتەی خۆی "بەشێکی گەورەی خاکی کوردستان لەدەستدراوە و خەڵکی سنورەکەش ڕووبەڕووی تاوانی گەورە بوونەوە".

هەروەها ڕاشیگەیاندووە "ئەم داوایەی ئێمە لەکاتێکدایە کە پێشتر هەوڵماندا بە بڕیاری پەرلەمان لیژنەیەک پێکبهێنرێت، بەڵام ئەمە نەکرا و ئێستاش بووەتە خواستی زۆر لە هێز و لایەنەکان و خەڵکی کوردستان".

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا، سوپای عێراق چووە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلولی هەمان ساڵدا ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا.



PM:01:29:25/04/2018