نەوەی نوێ: لە سلێمانی مونافەسەی گۆڕان، لەکەرکوک یەکێتی، لەهەولێر پارتی، لە دهۆک یەکگرتوو دەکەین

کاندیدی نەوەی نوێ، سیروان بابان دەڵێت "ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین ببینە یەكەم هێزی سیاسی, لە سلێمانی منافەسەی گۆڕان دەكەین، لە هەولێر دژی پارتین لە دهۆك منافەسەی یەكگرتوو دەكەین، لە كەركوكیش ئەمانەوێ بچینە پێش یەكێتی".

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پەیجی سپی، سیروان بابان کاندیدی ژمارەی ١١ لە لیستی ١٢٠ ی جووڵانەوەی نەوەی نوێ پێیوایە
نەوەی نوێ لە دەنگی پێشتری هەموو حیزبەكان دەبەن و دەڵێت" ئێمە كارمان لەسەر ئەو چوار موالیدە تازەیە كردوە كە یەكەم جارە دەنگ دەدەن".

 سیروان بابان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم هەڵبژاردنە تەزویری تێدا نابێت و دەڵێت" ئەم هەڵبژاردنە دەستی یەکێتی و پارتی ناگاتێ، پێویستیش بە ترس ناكات، چونكە نە دەتوانن بزانن دەنگت بە كێ‌ داوە، نە ئەوەندەش باڵا دەست دەمێنن، تا سزای كەس بدەن".

کاندیدی ژمارەی ١١ ی نەوەی نوێ، دەربارەی ئامادەکردنی گەنج بۆ کایەی سیاسی و بۆ قاڵکردنی لە بواری کاری پەرلەمانتاریدا، دەڵێت " ئەگەر من بچمە پەرلەمان و بوودجەش بۆ ئەم بوارە دابین نەكرێت، لەسەر بودجەی خۆم، وەك خوولێکی راهێنان چەند گەنجێك بۆ كارەكانم لەگەڵ خۆم دەبەم، تا بۆ خوولەكانی دیكەی پەرلەمان گەنجێكی ئامادەكراو بن" هیواش دەخوازێت ئەوە  ببێتە كلتور.

سیروان بابان لەسەر ئەگەری توندبوونەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و پەنابردنە بە کاری توندوتیژی لەو چەند رۆژەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن ماوە، دەڵێت " من چاوەڕێم دەكرد لەمە توندوتیژتربێت، ئەوە لەم دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیە چاوەڕوان دەكرێت ئەوان وەك ئەو مناڵەیان لێهاتووە كە لە دەرگا دەدەن و ڕادەكەن".

لە چەند رۆژی رابردوودا چەند پێشێلکاریەک دەرهەق بە کاندیدی لسیتەکانی تر کرا، سیروان بابان، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە  هەموو خروقاتێك ئەنجامدەدرێت جێگەی شەرمەزاریە و دەڵێت " هیوادارم ئەو ئەزمونە خراپە دووبارە نەبێتەوە، هیچ بنكەیەك نەسووتێندرێت، ئەوەشمان بینی كە لە شاری سلێمانی دیواری بەرلین دروست دەكرێت، بۆ بنكەیەكی بانگەشەی جوڵانەوەیەكی سیاسی كە بە پێی یاسا ڕێپێدراوە، ئەوە كەی ئازادیە ئەوە كوشتن و تیرۆری ئازادییە".

هەروەها ئەم كاندیدە ئەوە بە عەیبە دەزانێت كە بە پێی یاسا کۆتای ژنانە هەیەو دەڵێت " بۆ وانەكەین ژن خۆی ئەوەندە بە هێزبكەین وەك پیاوان خۆیان بێنە پێشەوە ". سیروان بابان پێیوایە بوونی كۆتا بۆ ژنان کارێكی باشە، بەڵام تێبینی هەیەو ئەوە دەخاتە روو کە وەک "خێریان پبكرێت وایە".
دەقی چاوپێکەوتنەکە.. 




PM:05:15:29/04/2018