برایەکی سەردەشت عوسمان: وەک یەکەم ڕۆژی لەدەستدانی ڕۆڵەکەمان سورین لەسەر داواکەمان

سبەی شەممە لە شاری هەولێر هەشتەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان بەڕێوەدەچێت و برایەکی سەردەشت عوسمانیش دەڵێت "وەک یەکەم ڕۆژی لەدەستدانی ڕۆڵەکەمان سورین لەسەر داواکەمان".

بەشدار عوسمان، برای شەهید سەردەشت بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "سبەی بە هاوکاری کۆمەڵێک نوسەر و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر لە شاری هەولێر هەشتەمین ساڵیادی تیرۆری شەهید سەردەشت بەڕێوەدەچێت".

ناوبرا ئەوەی خستەڕوو ئەوان وەک بنەماڵەی شەهید سەردەشت پارتی و دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر بە بەرپرس دەزانن لە ئاشکرانەکردنی بکوژانی ڕاستەقینەی شەهید سەردەشت و وتی "دروستکردنی ئەو سیناریۆیانە بۆ کەیسی سەردەشت پەڵەیەکی ڕەشە بەناوچاوانی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم".

بەشدار وتیشی "تەواوی بنەماڵەکەمان وەک یەکەم ڕۆژی لەدەستدانی ڕۆڵەکەمان هەڵوێستمان نەگۆڕە و داوای ئاشکراکردنی بکوژی ڕاستەقینەی سەردەشت دەکەین".

سەردەشت عوسمان لەدایکبووی ١٩٨٨ ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری دوا قۆناغی بەشی زمانی ئینگلیزی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەدین بوو لە ھەولێر، لە ڕۆژی ٤ی ئایاری ٢٠١٠ لە بەردەم زانکۆکەیدا، لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی ڕفێندرا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە. پاش دوو ڕۆژ، تەرمەکەی بە قۆڵبەستراوی لە مووسڵ دۆزرایەوە.

شەهید سەردەشت ناسرابوو بە بابەتە ڕەخنەگرەکانی بەرانبەر دەسەڵات و حکوومەت، بە تایبەتی بەرانبەر 'پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی.



PM:07:54:04/05/2018