فەرمانی لەسێدارەدان بۆ رامین په‌ناهی دەردەکرێت

بنه‌ماڵه‌ی حسێن په‌ناهی له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان رایدەگەیەنن، ئەمڕۆ فەرمانی لەسێدارەدان بۆ کوڕەکەیان دەرچووە، داواش لە هاوڵاتیانی كوردستان و جیهان دەکەن، کە هه‌وڵێك بۆ رزگاركردنی رامین بده‌ن.

لە پەیامێکدا کە ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ "ئه‌مجه‌د حسێن په‌ناهی" برای‌ رامین پەنهانی، کە لە ئه‌كاونتی تایبەتی خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ئاماژەی بەوەکردووە، كه‌ ئه‌مڕۆ بەسێوەیەکی فەرمی فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی‌ رامین حسێن په‌ناهی دراوه‌ته‌ ده‌ست رامین و پارێزه‌ره‌كه‌ی، ئەمە بەو مانایەیە كە هەر ئان و ساتێك مومكینە لەسێدارەی بدەن".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌...

جەماوەری تێكۆشەری كوردستان 

دوستان و هاورێیان و ئازیزانمان لە هەر كوێ ئەم جیهانەدا دەژین ، ئەمڕۆ وەكیلی رامین حسێن پەناهی حوكمی ئیجرابوونی لەسێدارەدانی رامینی بە دەستگەیشتووە و ناوبراویش ئەم حوكمەی بە رامین راگەیاندووە، وەك بڕیار بوو ماوەی پێشوو رامین كە گواسترابوەوە بۆ ژووری تاكە كەسی بە مەبەستی لەسێدارەدان، بەڵام بەهۆی فشارە نێونەتەوەیی و هەرێمی و ناوخۆییەكان ئەم حوكمە دواخرا بۆ كاتێكیتر ، بەرێزان هەر ئەمڕۆ بە شێوەیەكی فەرمی ئەم حوكمە بە وەكیل و بە رامینیش راگەیاندراوە، ئەمە بەو مانایەیە كە هەر ئان و ساتێك مومكینە رامین لەسێدارە بدەن، بۆیە لێرەدا داوا لە سەرجەم كۆمەڵگای كوردی بە گشتی و بە تایبەتی هەموو تێكۆشەرێكی كورد و هەموو ئینسانێكی ئازادیخواز و مرۆڤدوستێك لە سەرتاسەری جیهان دەكەین لەم رۆژانەدا كات و ساتی زۆرتر تەرخان بكەن بۆ ئەوەی بە هەموومانەوە هەڵمەتێكی گشتی نەتەوەیی و ئینسانی لە سەرتاسەری جیهان رێكبخەین بە مەبەستی پێشگرتن بە حوكمی لە سێدارەدانی رامین حسێن پەناهی ، لەم بارەیەوە هاوكاری و هاودەنگی و بەهاناوە هاتنتان بەڵگەیەكی زێڕینی مێژووی گەلەكەمانە كە ئێمە وەكوو بنەماڵەی حوسین پەناهی قەد فەرامووشی ناكەین و دەستی هەمووتان بە گەرمی دەگوشین.

بنەماڵەی حوسەین پەناهی 
 17/5/2018

رامین له‌ خۆپیشاندان ناوه‌ڕاستی ساڵی رابردوو له‌ شاری سنه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ كوردستان به‌ برینداریی كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، دوای چاره‌سه‌ركردنی برینه‌كه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌، له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی‌ بۆ ده‌ركرا، به‌ تۆمه‌تی پشتیوانیكردن له‌ حزبێكی كوردیی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان. 




PM:11:37:17/05/2018