داوا دەکرێت گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی بکشێتەوە

بەشداری نەکردن لە پرۆسەی سیاسی و کۆتایی هێنان هەڵوەشانەوەی رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی و دوا هەنگاوی ئەو بوارەش هەندێک هەڵسوڕاوی گۆران داوا دەکەن پارێزگاری سلێمانی و حکومەتی خۆجێیش رادەست بکەنەوە.

عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، لە نووسینێکدا کە بۆ سپی ناردووەو بە ناونیشانی " یەکێتی یا مارەکەی مام هۆمەر ئیتر کاتی هەنگاوە گەورەکانە" دەڵێت " گۆڕان دەبێ لە حکومەتی مەحەلی بکشێتەوە! ".

هەروەها ناوبراو دەڵێت "ئێستا دوای ئەوەی دەرکەوت بەرپرسانی یەکێتی بەشێکیان سەرقاڵی ساختەکاری و دزینی دەنگی گۆڕان بون، و بەشەکەی تریان هەم لە ئاست ئەوەو هەم لە بەرامبەر هێرشە پڕ لە خەجاڵەتیەکەی یەکێک لە سەرکردە باڵاکانیان بێدەنگ بون و تەنانەت داوای لێبوردنیشیان نەکرد، ئیتر کاتی ئەوە هاتوە بە هەموو ئەندامێکی دڵسۆزو خەمخۆری یەکێتی، کە دڵیان بۆ پەیوەندیەکی باشتری گۆڕان ـ یەکێتی لێئەدا، بوترێت: تەنها سەرکردایەتی ئێوە بەرپرسیاری ئەوەیە کە لە ئایندەدا روئەدات".

پەرلەمانتارەکەی  گۆڕان داوا لە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان و رابەرایەتیەکەی دەکات کە " پێویستە هەنگاو بۆ ئەمانەی خوارەوە بنێن: یەکەم: دەبێ بە خێرایی گۆڕان لە سەرجەم دەزگاکانی حوکمی مەحەلی پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی بکشێتەوە. ناکرێ چیتر شەریکی دەسەڵاتێک بێت کە بێ گوێدانە هیچ ئاستێکی سیاسی و ئەخلاقی پەیوەندیەکان، ساختەکاریت لێبکات و دەنگت فەرهود بکات. گۆڕان نابێ هاوبەش بێت لە دەسەڵاتێکی ئاوادا بەڵکو کار بۆ نابوتکردنی بکات. دووەم: ئیتر هیچ مانایەک بۆ رێکەوتنی هەردولا نەماوە. یەکێتیەکان لە هەموو قۆناغەکاندا دژ بە گیانی رێکەوتنەکە کاریان کردوە. لە ئێستادا هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکەوتنە سەرباری پێویستیە سیاسیەکەی، وەفایەکیشی بۆ نەوشیروان مستەفا کە ئەندازیاری رێکەوتنەکە بوو".

عەدنان عوسمان داوا دەکات،" هەمو پەیوەندیە سیاسیەکانیشی لەگەڵ یەکێتی تەجمید بکات. سێیەم: گۆڕان جگە لە یەکێتی، بازنەی پەیوەندیەکانی بەرفراوان بکات و کار بۆ هاوپەیمانی و بەرەی نوێ بکات و کۆمەلێک هەنگاوی سیاسی و دیبلۆماسی بەو ئاراستەیە بنێت". 

گۆران سەرباری ئەوەی یەکێتی بە ساختەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناوزەد دەکات، هاوکات شەوی ١٢ ی ئایاریش هێزێکی چەکداری یەکێتی هێرشیان کردە سەر بارەگای سەرەکی گۆران لە سلێمانی.



PM:10:12:25/05/2018