خانەی پێگەیاندنی بێسەرپەرشتان لە ڕانیە دروست دەکرێت

بڕیارە بەم نزیکانە لەشاری ڕانیە، خانەیەکی تایبەت بە پێگەیاندنی منداڵانی بێ سەرپەرشت دروست بکرێت و تیایدا سەرجەم منداڵانە لەخۆبگرێت، کە هیچ سەرپەرشتیارێکیان نییە.

عەلی نورەدینی سەرۆکی ڕێکخراوی (خۆشەویست)ی پەروەردەیی ناحکومی بە"سپی میدیا"ی ڕاگەیاند، "دروستکردنی ئەو خانەیە لەپێناو بونیادنانی مرۆڤێکی دروست و تاکی بێ سەرپەرشتە لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەوپێیە بەڵگەمان لایە سەدان خێزان بێ سەرپەرشتن یان ئەرکێکی زۆر قورس کەوتوتەسەرشانی دایکیان یان کەسێک نییە لەنزیکەوە هاوکاروبەخێوکەریان بێت".

وتیشی،" خانەکە ١٢٠ مناڵ لەخۆ دەگرێت  بەجۆرێک تەمەنیان لەسەرو ١٠ ساڵانەوە بێت، کە ئامانج لێی سوککردنی ئەرکی سەرشانی ئەو دایکانەیە، کە مناڵیان زۆرە.

لەبارەی سەرچاوەی پرۆژەکەیانەوە عەلی نورەدینی رونیشیکردەوە،" ئەم پرۆژەیە سەربەخۆیەو لەلایەن ڕێکخراوی (خۆشەویست)ی پەروەردەیی، سەرپەرشتی دەکرێت لەسنوری ڕاپەرین".

سەبارەت بە بینای پرۆژەکەش ئاماژەی بەوەدا، "ئەم خانەیە پێک دێت لەسێ  نهۆم کە سەرجەم بەشکانی بریتین لە( ئیدارە، هۆڵی چالاکی، کتێبخانە، شوێنی پزیشک، خواردنگە، کۆگا، یاریگا، مەلەوانگە)لەخۆ دەگرێت".

هەروەها وتیشی،" نهۆمی یەکەمی خانەکە لەژێر زەویدا دەبێت و دەکرێتە وەرشە (عەمەل)، کە منداڵان هەمووئەمانە فێری کارکردن دەکرێن لەلایەن خەڵکی پسپۆڕ و شارەزا و کارامە و کارزان، تا لە داهاتویاندا پشت بەخۆیان ببەستن".

سەرۆکی ڕێکخراوی (خۆشەویست) باسی لەوەشکرد،کە زەوی خانەکە ساڵانە بەکرێیەکی رەمزی لەحکومەت وەرگیراوەو، لەسەرئەرکی خێرخوازان دروست دەکرێت، هەروەها  هەنگاوی دواتریان بریتی دەبێت لە دروستکردنی دووخانەی دیکەی هاوشێوە لە لەحاجیاوا و قەڵادزێ".

ئا: ئەمیرحسن


PM:05:32:02/06/2018